ئەمڕۆ چوارشەممە (30ـی ئەیلوولی 2026)، ئاندی بۆرنم، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاند کە "ئاماژەی زۆر بەهێز" هەن دەری دەخەن ئێران دەستی لە چالاکییەکی گوماناویدا هەبووە کە بووەتە هۆی ڕووداوێکی ئەمنیی گەورە لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی شاهانەی وڵاتەکەی.
بۆرنم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (BBC) ڕایگەیاند: "ئاماژەی بەهێز لە ئارادان کە دەیسەلمێنن ئێران ڕۆڵی هەبووە لەو ڕووداوەی لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە بنکەی ئاسمانیی شاهانە لە (فەیرفۆرد) ڕووی دا". ناوبراو ئاماژەی بە زەنگی مەترسیی بوونی بۆمب کرد لە نزیک ئەو بنکەیەی دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا، کە سوپای ئەمەریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە تاران بەکاری دەهێنێت.
سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە لێدوانێکیشیدا بۆ تۆڕی (Sky News) گوتی: "ئێمە کەمێک وەستاین تاوەکو دڵنیابین لەوەی چی دەڵێین، بەڵام ئێستا باوەڕمان وایە کە ئێران ڕۆڵی هەبووە". هاوکات جەختیشی کردەوە کە پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام، ئاڵۆز و زۆر جدییە لەسەر ئەو بابەتە.
ڕووداوەکە لە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممەوە دەستی پێکرد، کاتێک جووتیارێک پۆلیسی لە هەبوونی 3 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گوماناوی و بینینی کۆمەڵێک پیاوی دەمامکدار لە نزیک بنکە ئاسمانییەکە ئاگادار کردەوە. دواتر پۆلیس 5 پیاوی بریتانیی بە گومانی تێوەگلان لە ماددەی تەقینەوە و تیرۆر دەستگیر کرد، بەڵام ڕۆژی سێشەممە بە کەفالەت ئازادی کردن و ڕایگەیاند کە هیچ تەقەمەنییەک لە شوێنەکە نەدۆزراوەتەوە، تەنیا دەست بەسەر بڕێک بەنزیندا گیراوە.
ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیران وەک یەکەم پشتڕاستکردنەوەی فەرمیی دەسەڵاتدارانی بریتانیا دادەنرێت سەبارەت بە گومانی دەستێوەردانی ئێران لەو ڕووداوەدا. پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەیان بەوە کردبوو کە دەزگا هەواڵگرییەکان زانیارییان لەسەر گومانلێکراوەکان هەبووە و دەکرێت دەوڵەتێکی بیانی لە پشت بابەتەکەوە بێت.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەمە گومانێکی بێبنەمایە و سەرکۆنەی دەکەین".
ئەم گرژییە ئەمنییە دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی بریتانیا ڕێگەی بە هێزەکانی ئەمەریکا داوە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد لە ناوچەی گلۆستەرشایەر بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرگری دژ بە ئێران، ئەمەش کاردانەوە و هۆشداریی توندی تارانی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.