Erbil 31°C پێنجشەممە 01 تشرینی یەکەم 03:39

سێنتکۆم: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە فەرمی کۆتاییهات

کوردستان TV
100%

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند، ڕۆژی 30ی ئەیلوول، پرۆسەی کشانەوەی هێز و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر کۆتاییهات، بەمەش ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بە فەرمی کۆتاییهات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئەم کشانەوەیە بەشێکە لە پلانی گواستنەوە بۆ پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیی نێوان عێراق و ئەمریکا. بارەگای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی (CJTF-OIR) ئێستا بۆ ئوردن گواستراوەتەوە و هێزەکانی ئەمریکا لەوێوە درێژە بە ئەرکەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا دەدەن.

ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم، دەستخۆشی لەو دەیان هەزار کارمەند و سەربازە کرد کە لە ساڵی 2014ـەوە لە عێراق خزمەتیان کردووە. کوپەر ڕایگەیاند: بەهۆی ئازایەتی و پیشەییبوونی ئێوەوە، داعش چیتر هەڕەشەیەکی سیستەماتیک نییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق. هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە نێویاندا پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئێستا خاوەنی توانای پێویست و سەرکردایەتی و سەربەخۆیی مەیدانین بۆ ئەوەی بە تەنیا ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە بنکەی ئاسمانیی هەولێر، وەک ناوەندی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاریکرد و زۆربەی ئەو 1500 سەربازەی ئەمریکا و هاوپەیمانان کە پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشیان دەکرد، لەوێ جێگیر بوون.

فەرماندەی سێنتکۆم جەختی کردەوە کە هەرچەندە بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئاسایشی عێراق دراوەتە دەست حکوومەتی عێراق، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا لە ئامادەباشیدا دەمێننەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی داهاتووی داعش. گوتیشی: پاراستنی وریایی و ئامادەیی، کلیلی پاراستنی ئەمریکا و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکەیە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.