له به‌یاننامه‌یه‌كدا فراكسیۆنی پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند، له‌مه‌ودوا به‌رده‌وام ده‌بین له كاره‌كانمان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و به‌شدارى له دانیشتنه‌كان ده‌كه‌ین.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد لە سۆنگەی هەستكردنیانەوە بە بەرپرسیارییەتی و پێویستی بەردەوامبوونی دیالۆگ لەو دۆخەدا، بڕیاری گەڕانەوەیان داوە بۆ پەرلەمانی عێراق و لەمەودوا بەردەوام دەبن و بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكەن.
هەروەها ئاماژەی داوە كە گفتوگۆ و لێكتری تێگه‌یشتن ته‌نیا چاره‌سه‌رى هه‌موو كێشه و قه‌یرانه‌كانه، بۆیە بڕیاریان داوە بگه‌ڕێنه‌وه و شان به‌شانى خوشك و براكانى دیكه‌یان له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بەردەوام بن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووه كە فراكسیۆنەكەیان یەكێ لە فراكسیۆنە گەورەكانی پەرلەمانی عێراقە و پێشتریش هەوڵی داوە كە دەستووری عێراق یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی كێشەكان بێت، بەتایبەتی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستەش بڕوایان وایە ئه‌گه‌ر ده‌ستوور به شێوه‌یه‌كى دروست جێبه‌جێ بكرێت، ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێت بۆ هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاشتیانه بگه‌نه چاره‌سه‌ر.
فراكسیۆنی پارتی داواشی كردووە هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر بە شێوەیەكی ئاشتیانە لەسەر بنەمای دەستوور دەست بە گفتوگۆی جیدی بكەن و كێشەكان یەكلایی بكەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.