Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 18:01

کەشناسیی ھەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە بوومەلەرزەی بڵاوکرده‌وه‌

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان
کەشناسیی ھەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە بوومەلەرزەی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

کەشناسیی ھەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە بوومەلەرزەی بڵاوكرده‌وه‌ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان،  ڕێنماییەکانی خۆپارێزی پێش ڕوودان و لە کاتی ڕوودان و لەدوای تەواوبوونی بوومەلەرزەی بڵاو کردەوە.


ئەمەش دەقی ڕێنماییەکانە:

پێش ڕوودانی بوومەلەرزە
1 – لێکۆڵینەوەی زانستیی چڕوپڕ لەسەر ئەو ناوچانەی کە ئەگەری بەرکەوتنیان ھەیە بە بوومەلەرزەو دروستکردن و بڵاوکردنەوی نەخشەی تایبەت بە (ناوچە بوومەلەرزەییەکان).
2- دامەزراندنی تۆڕێکی تایبەتی روانگەکردن و تۆمارکردنی چالاکیی بوومەلەرزەیی.
3- لێکۆڵینەوە لەسەر پێوەرەکانی پاراستن لە بوومەلەرزەو تێخستن و رەچاوکردنی لەنێو دیزاینی باڵەخانەو تەلارو دامەزراوەو خاونووەکان.
4 – دەستنیشانکردنی ئارامترین ناوچە بۆ بونیاتنانی خانوو و باڵەخانەو کارگەکان…ھتد.
5 – بڵاوکردنەوەی رێنمایی پێویست و بەشێوەیەکی بەردەوام لەنێو ھاوڵاتیاندا تا بتوانن بە چاکترین شێوە مامەڵە بکەن لەکاتی روودانی ھەر بوومەلەرزەیەکدا.
6 – تا بکرێت شوێنی دانیشتنی خێزان دووربێت لە دۆڵاب و کتێبخانەو ھەر کەل و پەلێکی دیکەی گەورەو ھەرچی شتێکی قوڕس لە نزمترین ئاستدا دابنرێت و ھەروەھا دۆڵاب و مێزە گەورەکانی تەلەڤزیۆن و گیزەرەکان لە دەرەوەی ژوورەکاندا پێویستە بە شێوەیەکی توند تۆکمە بە دیوارەکاندا ببەسترێنەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کەلە ساڵی 1994 لە کالیفۆرنیا ئەنجامدرا، دەرکەوت کەوا بەربوونەوەی دۆڵاب و کتێبخانە قورسەکان بەسەر دانیشتوانی نێو ژوورەکان لە کاتی روودانی بوومەلەرزەدا، بۆتە ھۆی %55 ی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان، بەڵام بەربوونەوەی کەل و پەلەکانی دیکەی ئاسایی تەنھا %1 بووە.
7 – دەستنیشانکردنی چاکترین شوێنەکانی خۆ حەشاردان لەنێو ماڵ یان فەرمانگەو دامەزروەکان بە گشتی و نیشاندانیان بۆ ئەندامانی خێزان و کارمەندان تا زووتر شارەزابن و خێرا بگەنە شوێنی مەبەست.
8 – ھەردەم جووتە پێڵاوێکی زیاد، لایتێکی شەحنکردنەوەو لایتێکی گڵۆپی ئاسایی، ئامێرێکی رادیۆ چەند پاترییەک بخەرە ژێر ئەو قەرەوێڵەیەی کە لەسەری دەخەوی.
9 – بوونی ئاگرکوژێنەوەیەکی لەبارو گونجاو لەنێو ماڵەکەتداو راھێنانی ئەندامانی خێران بە گشتی لەسەر چۆنییەتی بەکار ھێنانی لە کاتی پێویستدا.
10- دابینکردنی سندوقی (فریاگوزارییە سەرەتاییەکان) داوو دەرمانی زۆر پیۆیست و پێداویستی خێزان لە ئاوو خۆراکی پێویست بۆ ماوەی لایەنی کەم (3) رۆژ، بەپێی سروشتی پێکھاتەیان و بوونی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تیایانداو دانانی لەو شوێنەی کە دەستنیشانکراوە وەک لەبارترین شوێنی خۆ حەشاردان.
11 – بوونی کۆپییەکی زیاد لە دیکۆمێنتە گرنگەکانی خێزانیی وەک (ناسنامەکان و بۆندە عەقارییەکان و فایلە ژمێریارییەکان) و لیستی ناوی خزم و کەسانی نزیک لەگەڵ ژمارەی تەلەفۆن یان مۆبایلیان و ھەڵگرتنیان لە شوێنێکی پارێزراو.
12 – بەردەوام چ لەناو ئۆتۆمبێلت یاخود لەشوێنێکی زۆر گونجاودا ئەم کەل و پەل و پێداویستیانە ھەڵبگرە:
(دەرمانی پێویست، سندووقێکی فریاگوزاری سەرەتایی، چاویلگەی پزیشکیی تایبەت بەخۆت یان ھەر ئەندامێکی خێزانەکات، بوتلی ئاو بە پێی پێویست، پێڵاوی توندو تۆڵ، نەخشە، بڕێک پارە، لیستێک بە ژمارەی مۆبایل و تەلەفۆنی پێویست، خۆراکی سووک وەک کێک و بسکویتی ووشک، کۆپی ناسنامەکان).
چۆنیەتی مامەڵەکردنی دروست لە کاتی روودانی بوومەلەرزەدا
لەکاتی روودانی ھەر بوومەلەرزەیەکدا لە بیرتان بێت بە خێرایی و بە ئارامی ھەڵس و کەوت بکەن و شوێنی گونجاو بۆ خۆپاراستن بدۆزنەوە.

لەماڵدا
1- سەرو دەم و چاوتان بپارێزن بەھەر شتیک کە لەبەر دەستدا بێت و بەرەو نزیکترین گۆشەی ژوورەکانتان بڕۆن یان بچنە ژێر مێز و پەیژە (قاڵدرمە) ی ماڵەکانتان.
2- لە پەنجەرەو دیواری دەرەوە و ئاوێنەو کەلوپەلی ھەڵواسراو و مەکتەبەی ناو ماڵ دوورکەونەوە.
3- لە کاتی تەواو بوونی کاریگەری بوومەلەرزەکەدا کارەباو سۆبەو غازی ناو ماڵ بکوژێنەوە.

لە دەرەوە
1- بەپێی توانا لە باڵەخانەکان دوورکەونەوەو بڕۆنە نزیکترین شوێنی کراوەو خۆتان بپارێزن لە پارچە بەردو دیوارو ھەرشتێکی ناجێگیر.
2- لە پردو ئەندەرپاس و کێبڵی کارەباکان و ستوونەکان و درەخت و ریکلامی ھەڵواسراوی بەردەم دوکان و شوێنە بازرگانییەکان دوورکەونەوە.

لەناو ئۆتۆمبیل
1- راستەوخۆ لە شوێنی خۆتان بووەستن و لە ناو ئۆتۆمبێلەکانتاندا بمێننەوە.
2- ئەگەر لە ژێر پردو ئەندەرپاس و تەنیشت درەخت و نزیک باڵەخانەو تاوێرەکانی کارەباو پەیوەندییەکاندا بوون ھەوڵ بدەن دوورکەونەوە بە ئۆتۆمبێلەکانتان یان بەپێ.

لە قوتابخانە و فەرمانگە و کارگەکاندا
1. لەکاتی روودانی بوومەلەرزەکەدا بچنە ژێر مێزە توندو تۆڵەکان یان بچنە گۆشەی ژوورەکان و دوورکەونەوە لە شووشەو پەنجەرەو ژێر گلۆپ و (سورەیا) ھەڵواسراوەکان.
2. ھەوڵبدە بە کەرەستەیەک سەرتان بپارێزن.
3 – بەھیچ جۆریک بەرزکەرەوە (مێعد) بەکارنەھێنن.
4 – دوورکەونەوە لە ھەر سەرچاوەیەکی گازیی سوتێنەرو کیمیاوی و تیشکدەر.
5 – دوورکەونەوە لە محەویلەی کارەباو بۆردی کۆنتڕۆل و کێبڵی کارەبای پاڵەپەستۆ بەرز.

پاش کۆتایی بوومەلەرزەکە
1 – دەبێت ئامادەبین بۆ روودانی بوومەلەرزەی دواتر کە دەبێتە ھۆی رووخاندنی باڵەخانەکان کە بە بوومەلەرزەی پێشتر (سەرەکی) زیانیان پێگەیشتووە
2 – دەرگای ماڵەکانتان دابخەن و روو بکەنە شوێنە کراوەکان
3 – گوێ لە رێنماییەکانی بەرگری شارستانی بگرن و جێبەجێیان بکەن.
4 – ئەوکەسانەی بە سەختی زیانیان پێگەیشتوە مەیانجوڵێنن تا تیمەکانی فریاکەوتن بە ھانایانەوە دەچن.
5 – نزیک مەکەونەوە لە شوێنە رووخاوەکان و ئاوێک مەخۆنەوە کە لە سەرچاوەکەی دڵنیا نەبن.
 

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.