دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمڕۆ شەممە، 15ی ئابی 2026، بە فەرمی داوایان لە حکوومەتی قەتەر کرد سێ فڕۆکەوانی وڵاتەکەیان ئازاد بکات، کە باس لەوە دەکرێت لە کاتی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە زیندوویی دەستبەسەر کراون.
ئاژانسی هەواڵی "فارس" لە زاری عەمید محەممەد باقرزادە، بەرپرسی لێژنەی گەڕان بەدوای ونبووەکانی سەر بە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بڵاوی کردەوە، سێ فڕۆکەوانی ئێرانی دوای تێکشکانی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە جۆری "سوخۆی-24" لە میانی هێرشەکانی مانگی ئازاری ڕابردوودا، لە ناو خاکی قەتەر بە زیندوویی دەستبەسەر کراون.
باقرزادە لە نامەیەکدا بۆ لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ئاشکرای کردووە، کە فڕۆکەوانەکان بریتین لە (جەواد ساڵحی، عەبدولمەجید دەشتیان و عومران بەهرووشیان). ئاماژەی بەوەش کردووە کە ماوەی 6 مانگە لای هێزەکانی قەتەر دەستبەسەرن و تاوەکو ئێستا ڕێگەیان پێنەدراوە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن. ناوبراو داوای لە خاچی سوور کردووە سەردانیان بکەن و لە دۆخی تەندروستییان دڵنیا ببنەوە.
پێشتر ئێران ئەم فڕۆکەوانانەی وەک "بێسەروشوێن" ناساندبوو. مانگی ڕابردووش سوپای ئێران تەرمی فڕۆکەوانێکی دیکەی بەناوی (مەجید کازمی) وەرگرتەوە کە لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی "عەدید" لە قەتەر کوژرا بوو.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە. سەرەڕای واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە مانگی حوزەیراندا، بەڵام پێکدادانە سەربازییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشووری ئێران و دەوروبەری گەرووی هورمز، جاروبار سەرهەڵدەدەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.