وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیویۆرک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و پرسی هێورکردنەوەی گرژییەکان، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران تاوتوێ کران
ئەمڕۆ چوارشممە 23ـی ئەیلوول، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی دانیشتنەکانی خولی 81ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا. فوئاد حوسێن جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی دیپلۆماسی و دیالۆگ کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
عەباس عێراقچی لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستە سەر ئەو پەیوەندی و گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانەی کە لە ڕێگەی وڵاتێکی نێوەندگیرەوە لە نیویۆرک لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا دەستیان پێکردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم دانوستانانە، هێورکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاوانیدا.
هەروەها باس لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوە فراوانە کرا کە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، عێراق، ئوردن، سووریا، لوبنان، میسر و تورکیا بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامیان دا، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی هێورکردنەوە و ئاشتی.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوو وەزیر جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ڕاوێژ و هەماهەنگییەکان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان و پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی کە ئامانجیان گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە و پتەوکردنی ئاسایشی هەرێمییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.