حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوایین دەرفەت دەداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ سوودمەندبوون لە لێخۆشبوونی قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی تا ڕێژەی 50% و هۆشداریش دەدات کە دوای ئەو وادەیە خۆکارانە قەرزەکان دەخرێنە سەر قیستی مانگانە بەبێ هیچ لێخۆشبوونێک.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە دوایین دەرفەت بداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ دانەوەی قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی، تاوەکو لە لێخۆشبوونی 50% سوودمەند بن، پێش ئەوەی ڕێکاری جێبەجێکردنی قیستی پابەندکراو بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ یەک جار دەبێت و لە نێوان 24ـی ئەیلوول تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، ئەگەر هاوبەشان لەو ماوەیەدا قەرزەکانیان نەدەنەوە، ئەوا بەبێ هیچ لێخۆشبوونێک ڕاستەوخۆ دەخرێنە سەر قیستی مانگانە و لەگەڵ پسوولەی مانگانەدا لێیان وەردەگیرێتەوە.
لێخۆشبوونەکان بەم شێوەیە دەبن:
• لێخۆشبوون بە ڕێژەی 50% بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ.
• لێخۆشبوون بە ڕێژەی 25% بۆ سەرجەم هاوبەشانی بازرگانی، پیشەسازی و میری (جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە).
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە ئەم لێخۆشبوونانە تەنیا لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە هاوبەشەکە تەواوی بڕی قەرزە داشکێنراوەکە بە یەکجار و لە ڕێگەی (ئی-پسوولە) یان بنکەکانی فرۆشتنی وزەوە بدات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە دانەوەی قەرز بە قیست خراوەتەڕوو: لە دوای 18ـی تشرینی یەکەمەوە، هەر قەرزێکی پێش ڕووناکی بە شێوەیەکی خۆکارانە دەکرێتە قیستی مانگانە (بۆ ماوەی 6 تا 24 مانگ بە لەبەرچاوگرتنی کەمترین بڕی پارەدان) دەچێتە سەر پسوولەی کارەبا، کە پێویستە لە ماوەی 50 ڕۆژدا و لەگەڵ پسوولەی مانگانەدا بدرێت.
ئامارەکانی حکوومەت نیشانی دەدەن کە لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، هێشتا نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە؛ ئامانجی ئەم بڕیارەش کارئاسانی و دادپەروەرییە لە گەڕاندنەوەی قەرزەکاندا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90%ـی هاووڵاتییانی ناوچەکانی پڕۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە، بەپێی نرخە نوێیەکانیش 80%ـی هاووڵاتییان (بەتایبەت کەمدەرامەتان) پارەیەکی کەمتر لە جاران دەدەن بە بەراورد بە خەرجییەکانی پێشتری کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە. بڕیاریشە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، پڕۆژەی ڕووناکی سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.