Erbil 31°C ھەینی 16 تشرینی یەکەم 21:26

ئامانج ڕەحیم: مەترسیی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە پرسی بودجە زۆر گەورەترە

100%

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا لە مەترسییەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە 14.14%ـەوە بۆ 12.7% و ڕایگەیاند، جگە لە بەشەبودجە، مەترسیی لەدەستدانی پێنج کورسیی پەرلەمانی لە بەغدا دروست دەکات.

ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە: کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، تەنیا کەمکردنەوەی پارە، مووچە و بەشەبودجە نییە، بەڵکوو مەترسییەکە لە بودجە زۆر گەورەترە و دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر قەبارەی نوێنەرایەتیی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە ماددەی (49/یەکەم)ـی دەستووری عێراق کرد کە تێیدا هاتووە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بە ڕێژەی یەک کورسییە بۆ هەر سەد هەزار کەس لە دانیشتووان، واتە ژمارەی دانیشتووان بنەمایەکی دەستوورییە بۆ نوێنەرایەتی. لەو چوارچێوەیەشدا ڕوونیکردەوە ئەگەر (329) کورسییەکەی پەرلەمان بەپێی ڕێژەی دانیشتووان دابەش بکرێت:

بە ڕێژەی 14.14%، بەشی هەرێمی کوردستان نزیکەی 47 کورسی دەبێت.

بە ڕێژەی 12.7%، بەشی هەرێمی کوردستان دەبێتە نزیکەی 42 کورسی.

ئامانج ڕەحیم ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم جیاوازییە، ئەگەری لەدەستدانی نزیکەی پێنج کورسیی پەرلەمانی لە بەغدا دروست دەکات، جەختیشی کردەوە کە ئەمە گریمانەیەکی ژمێریارییە نەک بڕیارێکی یاسایی بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکان، بەڵام پێشاندەری ئەو مەترسییە دەستووری و سیاسییە گەورەیەیە کە کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووان لە داهاتوودا دروستی دەکات.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێم، تەنیا پاراستنی بەشەبودجە نییە، بەڵکوو پاراستنی دەنگ، پێگە و نوێنەرایەتیی دەستووریی خەڵکی کوردستانە لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراقدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.