وەزیری دەرەوەی عێراق لە ڕۆما لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە و تاوتوێی پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکان، بەردەوامیی ڕاهێنانی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە و گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیان کرد.
ئەمڕۆ هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا، لەگەڵ گویدۆ کرۆزێتۆ، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە سەربازی و ئەمنییەکاندا.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر لە عێراق و بەشداریی هێزەکانی ئیتاڵیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعش کرا، هاوکات تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ئیتاڵیا لە ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان، هەردوولاش جەختیان لە بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر کردەوە.
لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دووپاتی کردەوە، عێراق کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی، هەروەها ئاماژەی بەو خول و بەرنامە سەربازی و ئەمنییانە کرد کە ئیتاڵیا بۆ ئەفسەرانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە نێویاندا ئەفسەرانی هێزەکانی پێشمەرگە، پێشکەشی کردووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی هاوکارییەکانی حکوومەتی ئیتاڵیای کرد لە ڕاهێنانی ئەفسەرانی عێراق و پێشمەرگەداو ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەزموونی فراوانی هێزە ئەمنییەکان، بەڵام داعش لە ڕووی هزری و لە ڕێگەی شانە نووستووەکانییەوە وەک هەڕەشە ماوەتەوە، هەروەها لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە عێراق بەدوای شەڕدا ناگەڕێت و هۆشداریشی دا لە ئاڵۆزبوونی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان بەتایبەتی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا، هاوکات تاوتوێی لێکەوتەکانی ململانێکان لەسەر ئابووریی ناوچەکە و ئەورووپا، لەگەڵ دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی پڕچەککردنی سەردەمی ڕژێمی پێشوو کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.