سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە سەرکردەکانی ئەورووپا کرد بڕی 70 ملیار یۆرۆ هاوکاریی دارایی زیاتریان بۆ ساڵی داهاتوو پێشکەش بکەن، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا.
ئەمڕۆ هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە وتارێکدا لە میانی بەڕێوەچوونی لوتکەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل ڕایگەیاند: "ساڵی داهاتوو تێچووی جەنگ دەگاتە 155 ملیار یۆرۆ، ئێمەش لانیکەم پێویستمان بە 70 ملیار یۆرۆی دیکە (هاوتای 79 ملیار دۆلار) هەیە لە لایەن ئێوەوە، لە پێناو بەرگری، کڕینی چەک و بەهێزکردنی خۆڕاگریمان".
بەپێی دەقی وتارەکەی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی ئۆکراینا گوتوویەتی: "ئەمە بڕە پارەیەکی واقیعییە و داواتان لێ دەکەم ئەم پاڵپشتییەمان بۆ دابین بکەن، کە یارمەتیدەرمان دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیادا". لە بەرامبەریشدا سەرکردەکانی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەکەن کە پاڵپشتیی دارایی و سەربازی بۆ ئەمساڵی ئۆکراینا مسۆگەر کراوە، بەڵام بۆ ساڵی (2027) هێشتا بە تەواوەتی دەستەبەر نەکراوە.
پێشتریش یەکێتیی ئەورووپا قەرزێکی بە بڕی (90) ملیار یۆرۆ بۆ هەردوو ساڵی 2026 و 2027 بەخشیبووە ئۆکراینا کە 45 ملیاری بۆ ساڵی داهاتووە، بەڵام ئەم بڕە بەس نییە و وڵاتانی ئەورووپا بەدوای سەرچاوەی نوێدا دەگەڕێن، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی پێنجشەممە بەر لە دەستپێکردنی لوتکەکە، فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو: "پێویستە جارێکی دیکە پاڵپشتیی دارایی زیاد بکەین، تا بتوانین بە شێوەیەکی بەردەوام و کاریگەر پشتگیری لە ئۆکراینا بکەین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.