کۆمەڵەی خاچی سوور لە گامبیا ڕایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە بەرەو دوورگەکانی کەناریی سەر بە ئیسپانیا بەڕێکەوتووە، لانی کەم 12 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمەڵەی خاچی سوور لە گامبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە: بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتەکەدا، لانیکەم تەرمی (12) کۆچبەر دۆزراوەتەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەک لە سەرنشینەکانی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ژمارەی وردی بێسەروشوێنبووان هێشتا ڕوون نییە و لەگەڵ بەردەوامیی پڕۆسەی ڕزگارکردندا زانیاریی زیاتر دەخرێتە ڕوو". هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، بەلەمەکە لە گوندی "جیناک کاجاتا" بەڕێکەوتووە، کە خاڵێکی سەرەکیی دەرچوونی کۆچبەرانە بۆ گەیشتن بە دوورگەکانی کەناریی سەر بە ئیسپانیا، لە ڕێگەیەکی دەریایی پڕ لە مەترسی بەهۆی شەپۆلی بەهێز و بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و پڕ لە سەرنشین.
ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە پێشتریش لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025 بەلەمێکی دیکە لە نزیک هەمان ناوچە ژێرئاو کەوت و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە (40) کەس و بێسەروشوێنبوونی نزیکەی (100) کەسی دیکە، شایەنی باسە دوورگەکانی کەناری سەر بە ئیسپانیا بە یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی گەیشتن بە ئەورووپا دادەنرێن بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە لە هەژاری، ململانێ و چەوسانەوە هەڵدێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.