بەهۆی گرانییەوە، شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپیشاندان شارەکانی فەڕەنسای گرتەوە کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 200 هەزار کەس بەشداریی تێدا بکەن، هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ژووری بەڕێوەبردنی قەیرانی پێکهێنا و خۆپیشاندان لە ناوەڕاستی پاریس قەدەغە کرا.
خۆپێشاندانێکی بەرفراوانی جەماوەری دژ بە گرانی بەشێکی زۆری شارەکانی فەڕەنسای گرتووەتەوە و پەرەسەندنی دۆخەکەش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە (200) هەزار کەس لە سەرانسەری فەڕەنسا و (40) هەزار کەسیش تەنیا لە پاریسی پایتەختدا بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بکەن.
لای خۆشییەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا کە لە ئێستادا لە برۆکسلە، داوای هێمنی کرد و ڕایگەیاند، دەبێت مافی دەربڕین بەبێ توندوتیژی بێت. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، سێباستیان لۆکورنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا ژووری بەڕێوەبردنی قەیرانی پێکهێنا و هێزە ئەمنییەکانیش خۆپیشاندانیان لە ناوەڕاستی پایتەختدا قەدەغە کرد.
ئەم ناڕەزایەتییانە، کە لەلایەن بزووتنەوەی "هێلەک زەردەکان" و کۆمەڵەی قوتابیان و سەندیکاکانی کرێکارانەوە ڕێکخراون، زیاتر لە (600) خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەچوون و بەهۆی گرژییەکانەوە دەیان کەس بریندار بوون، ئەمەش فشارێکی قورسی لەسەر حکوومەت دروست کردووە کە لە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدایە و دابەزینی ئاستی گوزەران بووەتە مەترسی بۆ سەر ئارامیی وڵات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.