فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای میسان بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی زەهراوی و شەڕکردن لەگەڵ کارمەندانی پزیشکی و پاسەوانانی نەخۆشخانەکەدا دەستگیرکردنی شەش کەسی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای میسان شەش کەسی لە کەسوکاری سەردانکەرێک دەستگیر کردووە، بەهۆی ئەوەی لە ناو نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی "زەهراوی" هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندان و لەگەڵ ژمارەیەک لە کارمەندانی پزیشکی و پاسەوانی نەخۆشخانەکەدا بووەتە شەڕیان.
فەرماندەیی پۆلیسی میسان ڕوونیکردەوە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، هێزێکی ئەمنیی هاوبەش پێکهێنرا و ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کرا، هێزەکە توانیویانە دەستبەجێ تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و ئارامی بۆ ناو نەخۆشخانەکە بگێڕنەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەرجەم ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر بە دەستگیرکراوان گیراونەتەبەر بە مەبەستی ڕەوانەکردنیان بۆ بەردەم دادگا، هاوکات پۆلیسی میسان جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی کردەوە بۆ پاراستنی دامەزراوە تەندروستییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ کارمەندانی پزیشکی و نەخۆشان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.