Erbil 31°C شەممە 17 تشرینی یەکەم 12:35

هەژماری من.. ڕێژەی تۆمارکردنی مووچەخۆران گەیشتە 99% و 800 ئامێری ATM دابین کراون

100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری داتاکانی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بڵاو کردەوە کە تێیدا ڕێژەی تۆمارکردنی مووچەخۆران گەیشتووەتە 99% و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مووچەی مانگی ئەیلوول بە دیجیتاڵی وەردەگرن، هاوکات تەواوی ئاماری بانکە بەشدارەکان، ئامێرەکانی ATM و وەڵامی پرسیارە باوەکانی خستەڕوو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داتا و زانیارییەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە لە پێناو گشتگیریی دارایی، بە هەماهەنگی و لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو سەرجەم مووچەخۆران دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک بگات و ئازادیی دارایی زیاتریان هەبێت.

بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی تۆمارکردنی مووچەخۆران گەیشتووەتە 99% و ئامارەکانی پڕۆژەکە بەم شێوەیەن:

مووچەخۆری تۆمارکراو:  1.14 ملیۆن مووچەخۆر (99%ـی کۆی گشتی).

کارتی دابەشکراو:  1.07 ملیۆن مووچەخۆر (94% کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە).

وەرگرتنی مووچە بە شێوەی دیجیتاڵی:  1.02 ملیۆن مووچەخۆر (90%ـی مووچەخۆران بۆ مووچەی مانگی ئەیلول).

کۆی پارەی وەرگیراو لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە:  زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار.

پارەی هەڵگیراو لە هەژمارەکاندا:  62 ملیار دینار لە هەژماری شەش بانکی بەشدار پاشەکەوت کراوە.

سەبارەت بە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)، تاوەکو ئێستا نزیکەی 800 ئامێر لە 200 شوێنی جیاواز دانراون و ئامانجیش گەیشتنە بە 1,000 ئامێر بەپێی ڕێساکانی بانکی ناوەندیی عێراق، کە بەسەر بانکە بەشداربووەکاندا بەم جۆرە دابەش بوون:

ئارتی بانک: 205 ئامێری ATM

بانکی جیهان: 177 ئامێری ATM

بانکی نیشتمانیی عێراق: 158 ئامێری ATM

بانکی ئیسلامیی عێراقی: 121 ئامێری ATM

بانکی بەغداد: 30 ئامێری ATM

بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI): 21 ئامێری ATM

بانکی BBAC: 6 ئامێری ATM

لە ڕووی دابەشبوونی وەرگرتنی مووچەی دیجیتاڵی لەسەر ئاستی جۆری سوودمەندان و پارێزگاکان، داتاکان بەم شێوەیەن:

بەپێی جۆری سوودمەند (کۆی گشتی 1,016,290)

فەرمانبەری مەدەنی: 398,293 (39.2%)

خانەنشین: 313,844 (30.9%)

سەربازی: 237,763 (23.4%)

بنەماڵەی شەهیدان: 66,390 (6.5%).

بەپێی پارێزگاکان (کۆی گشتی 1,016,290):

 هەولێر: 422,130 (41.5%)

سلێمانی: 372,194 (36.6%)

دهۆک: 196,741 (19.4%)

هەڵەبجە: 25,225 (2.5%).

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاری وەڵامی گرنگترین پرسیارە باوەکانی خستووەتەڕوو:

گۆڕینی بانک:  بەم نزیکانە هەموو سوودمەندبووان دەتوانن بانکەکەیان بگۆڕن بۆ هەر بانکێکی دڵخوازی خۆیان لە نێوان بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەکەدا.

تۆمارکردن پاش تەواوبوونی پڕۆژەکە:  ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمار نەکراون، تۆمارکردنیان لە بانکە گشتییەکان یان لە ڕێگەی یەکەی ژمێریاریی فەرمانگەکانیانەوە بەردەوام دەبێت تا هەمووان کارت وەردەگرن.

ڕووبەڕووبوونەوەی فێڵکاری:  لە کاتی هەر گومانێکدا پێویستە دەستبەجێ بە بانکەکەت ڕابگەیەنیت، کارتەکەت ناچالاک بکەیت، داوای کارتی نوێ بکەیت و وشەی نهێنی بگۆڕیت.

ڕاکێشانی پارە لە ATMـی بانکی تر:  ڕێگەپێدراوە، تەنیا بۆ هەر مامەڵەیەک ڕێژەی 0.04% وەردەگیرێت، کە لە 4,000 دینار زیاتر نابێت.

ئاگاداربوون لە خشتەی مووچە و هاوکاری:  لە ڕێگەی کەناڵی فەرمیی واتسئەپی "هەژماری من"ـەوە دەبێت، یان بۆ هاوکاری دەتوانرێت پەیوەندی بە ناوەندی پەیوەندییەکانی "هەژماری من" بە ژمارە (1991) بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.