Erbil 31°C شەممە 17 تشرینی یەکەم 15:15

عەباس عەراقچی بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی گەیشتە بەغدا

100%

وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی بۆ بەشداریکردن لە 52ـەمین خولی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی گەیشتە بەغدا، کە لەبارەی پەرەسەندنی گرژییە ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عەراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پەنجا و دووەمین خولی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، بەپێی ڕاپۆرتی میدیای فەرمیی ئێران، ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕۆژانی 17 و 18ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە دروشمی "گفتوگۆ و پاڵپشتی بۆ ئاشتی و پێشکەوتنی بەردەوام" بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە عەباس عەراقچی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو کۆببێتەوە، ئەم کۆبوونەوەیەش لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لەگەڵ شەڕ و پێکدادانەکان لە یەمەن، مەترسییەکی گەورەیان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و دابینکردنی وزەی جیهانی دروست کردووە.

ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە (57) دەوڵەتی ئەندام پێکهاتووە، لەوانە: عەرەبستانی سعوودی، ئێران، عێراق، تورکیا، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوەیت، میسر، پاکستان، کۆماری ئازەربایجان و پێنج وڵاتەکەی ئاسیای ناوەڕاست، هاوکات بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی و بەردەوامیی پەلامارە مووشەکی و درۆنییەکانی چەکدارانی حووسیی سەر بە تاران، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی بەغدادا ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی سیاسەت و دەستپێشخەرییە سەربازییەکانی ئێران بدەنە بەر ڕەخنەی توند.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.