سەرچاوەیەک لە حکوومەتی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکە هەڵپەساردنی ڕێککەوتننامەی شنگنی بۆ گەشتکردنی بێ ڤیزا لەگەڵ ئیسپانیا درێژ کردووەتەوە، لە کاتێکدا هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن لە هەفتەی داهاتوودا چاودێریی سەر سنوورەکانیان هەڵبگرن.
ئەمڕۆ هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەک لە حکوومەتی ئیتاڵیاوە بڵاوی کردەوە: ڕۆما بڕیاری داوە بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکە هەڵپەساردنی ڕێککەوتننامەی شنگن لەگەڵ ئیسپانیا درێژ بکاتەوە، کە تایبەتە بە گەشتکردنی هاووڵاتییان بەبێ وەرگرتنی ڤیزا لە نێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا.
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسپانیا ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا، وەزیرانی ناوخۆی هەردوو وڵات کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکارەکانی چاودێریی سنووری دەکەن، هاوکات ئەم هەنگاوەی ئیتاڵیا وەک هەڵوێستێکی هاوشێوەیە بەرامبەر بە بڕیارەکەی مەدرید، کە لەم دواییانەدا هەڵپەساردنی ڕێککەوتننامەی شنگنی لەگەڵ ڕۆما تاوەکو 22ـی تشرینی یەکەم درێژ کردبووەوە.
شایەنی باسە، ئیتاڵیا بۆ یەکەمین جار لە 31ـی تەممووزی ڕابردوودا ڕێککەوتننامەی شنگنی لەگەڵ ئیسپانیا هەڵپەسارد، ئەوەش دوای ئەوە هات کە زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر لە وڵاتی مەغریبەوە پەڕینەوە بۆ ناوچەی "سبتە"ی ئیسپانی لە باکووری ئەفریقا، لەو کاتەوە تا ئێستا ڕۆما چەندین جار ئەو بڕیارەی درێژ کردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.