لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران لە شاری هەولێر کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر پاراستنی سنوورەکان و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 15ی ئابی 2026، لێژنەی باڵای پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆبوونەوەی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وەک سەرۆکی شاندی ئەمنیی بەغدا، و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی شاندی هەرێم بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنە ئەمنییەکە کرا، بەتایبەت لە بوارەکانی دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان، ڕێگریکردن لە دزەکردنی نایاسایی و قاچاخچێتی، و پاراستنی سەقامگیریی گشتی لە سەرانسەری عێراقدا.
لێژنەکە پێداچوونەوەی بۆ ئەو بەندانە کرد کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ کراون و جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش درا کە ئەم هەماهەنگییە لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان و سەروەریی خاکی عێراق بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.