ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كرد.
لەو دیدارەدا كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كە بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و وڵاتەكەی.
كونسوڵی گشتیی ڕووسیا هەروەها ئەزموونی كاركردنی خۆی لە هەرێمی كوردستان بە نموونەیی وەسف كرد و سوپاسی سەرۆك بارزانی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا هاوكار و یارمەتیدەری بوونە لەسەرخستنی كاركردنیدا.
ئەوەشی ڕاگەیاند كە هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا پێگەی تایبەتی هەیە و هەمیشە جێگەی بایەخ بووە لە هاوكێشەكانی عێراق و ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێری كرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا و بەردەوامی و قووڵتركردنەوەی پەیوەندییەكان كرایەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.