Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 20:14

وەزارەتی خوێندنی باڵا: دەرچوانی پۆلی دوانزە لە ڕێگەی زانکۆلاین دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن

لە چەند رۆژی داھاتوو دەرگای سکاڵا و تۆمارکردن ده‌كرێته‌وه‌
کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە، رێکەوتی (٢٤/١٠/٢٠١٧) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناوی وەرگیراوانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەسیستمی (زانکۆلاین) بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتی (٢٥/١٠/٢٠١٧) ژمارەیەک لە دەرچوانی پۆلی دوانزە گردبونەوەیەکیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەبرد.

بۆ بەرچاوڕونی دەرچوانی پۆلی دوانزە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ڕاوێژکاران و بەرێوەبەرە گشتیەکانی وەزارەت کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ دەرچوانی پۆلی دوانزە ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکەدا، کە بەئامادەبونی د.کەریم ساڵح ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی و، د. محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، ئارام ئیبراھیم بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن بەڕێوەچو، لەسەرەتادا د.خەتاب ئەحمەد کورتەیەکی لەبارەی وەرگرتنی سیستەمەکانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەش بەخوێندکاران کرد و ڕایگەیاند: ساڵانە لەگەڵ دەرچونی ناوی وەرگیراوان لە زانکۆکان ھەندێ کێشە دوبارە دەبێتەوە، بەڵام بەبەراورد بەساڵانی ڕابردو ئەمساڵ کێشەکان کەمترن و، وتیشی مافی ھیچ خوێندکارێک نافەوتێ و کێشەکانتان چارەسەر دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وتی: ھەندێ لەو کێشانە پەیوەندی بەخودی خوێندکارانەوە ھەیە، چونکە لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی (زانکۆلاین) ئەو بەشانە پڕدەکەنەوە کە نمرەی بەرزی پێویستە و، خوێندکارەکەش ئەو نمرەیەی نیە، بۆیە ساڵانە ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە و، ئەمساڵیش چارەسەر دەکرێ و بەپێی نمرەکانیان بەسەر بەشەکاندا دابەش دەکرێن.

د.خەتاب ئەحمەد ڕاشیگەیاند: ئەوانەی کێشەی ئەژمارکردنی نمرەی کوردی و عەرەبیان ھەبوو، لە شەوی ڕابردوەوە ئەو کێشەیە چارەسەرکراوە، بۆ ئەوانەشی کە ناویان لە شوێنێک ھاتۆتەوە بەڵام شوێنەکانیان بەدڵ نیە، د.خەتاب ئەحمەد وتی: پێویستە ئەوانە دوای ئەوەی سکاڵایان تۆمارکرد دەبێ ناوی خۆیان لەو بەشە تۆمار بکەن کە ناویان تێدا ھاتۆتەوە و، دەست بەدەوامی ئاسایی خۆیان بکەن تا ئەنجامی سکاڵاکەیان دێتەوە، بۆ ئەوانەشی کە ناویان لە ھیچ شوینێک نەھاتۆتەوە دەبێ ڕاستەوخۆ سکاڵا تۆمار بکەن.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و داراشی ڕاشگەیاند: لە چەند رۆژی داھاتوودا دەرگای سکاڵا تۆمارکردن و ماوەی سکاڵا تۆمارکردن لەسەر وێبسایتی (زانکۆلاین) دادەنرێ و، دەرچوانی پۆلی دوانزە بەشێوەی (ئۆنلاین) دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د.خەتاب ئەحمەد داوای لە دەرچوان کرد بەھیچ شێوەیەک گوێ لەو پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نەگرن، چونکە ئەو زانیارییانەی ئەوان بڵاوی دەکەنەوە (١٠٠%) دورن لە ڕاستیەوە بەتایبەت پەیجی پۆلی١٢ (https://www.facebook.com/poli١٢amaday) ، ھەربۆیە زۆرێک لە کێشەکانی ئێستای خوێندکارانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانیارییە ھەڵانەی کە ئەو پەیجە و ھاوشێوەکانی بەخوێندکارانیانداوە و فۆرمەکانیان بەھەڵە پڕکردۆتەوە، ھەر ئەوەش وایکردوە  وەزارەت ئێستا ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بەو پەیجە بگرێتەبەر، وتیشی وێبسایتی وەزارەت بەناونیشانی( www.mhe-krg.org) و، لاپەڕی ڕەسمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکی وەزارەت بەناونیشانی (www.facebook.com/mhekrg) کەناڵی رەسمی وەزارەتن و، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو کەناڵانەوە بگەنە زانیاری دروست بۆ دەسکەوتنی زانیاری دروست. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.