Erbil 31°C شەممە 22 ئاب 19:52

بەلەمێکی كۆچبه‌رانی نایاسایی لە کەناراوەکانی تونس نوقم بوو

100%

میدیاکانی تونس ئه‌مرۆ شەممە 22ی ئاب، ڕایانگەیاند، کە بەلەمێک کە 15 کۆچبەری هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی زارزیس لە باشووری تونس نوقم بوو، ئاماژەیان بەوە کرد کە یەکێک لە سەرنشینەکانی ڕزگار کراوە و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەردەوامە.

تیمه‌كانی گه‌ڕانی ده‌ریایی هەواڵی گیانلەدەستدانی چەند کەسێکیان له‌و كۆچبه‌رانه‌ ڕاگەیاندووە.

ڕادیۆی مۆزایک ئێف ئێم لە زاری گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسەوانی نیشتمانی تونس، فەریق حسام ئەدین جەبابلی بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، بەلەمەکە شەوی هەینی تا شەممە نزیکەی 14 میل دەریایی لە کەناراوەکانی زەرزیسەوە نوقم بووە و ژنێکی دووگیان لەنێو سەرنشینەکانیدا بووە.

پاسەوانی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەدوای ونبووەکاندا هێشتا بەردەوامن".

لای خۆیه‌وه‌، مستەفا عەبدول کەبیر سەرۆکی ڕوانگەی تونس بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، تیمەکانی گەڕان چوار تەرمیان دۆزیوەتەوە، بەبێ ئەوەی ڕوونبکاتەوە کە ئایا ئەو کۆچبەرانە سەر بە کۆچبەرە ونبووەکانن یان نا.

تونس کە کەناراوەکانی تەنها نزیکەی 145 کیلۆمەتر لە دورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیاوە دوورە، خاڵی دەستپێکی سەرەکییە بۆ ئەو کۆچبەرانەی هەوڵی پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست دەدەن بۆ ئەوروپا، بەمەش خۆیان بەرەوڕووی مەترسیی گه‌وره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، دەریای ناوەڕاستی ناوەڕاست بە مەترسیدارترین ڕێگای کۆچکردن دادەنرێت.

ڕێکخراوەکە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی مردنی کۆچبەران لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026 زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 914 کۆچبەر لەسەر ئەم ڕێگایە گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوونه‌.  

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.