Erbil 31°C یەکشەممە 23 ئاب 01:53

بەرگریی شارستانی هۆشداری دەدات و زنجیرەیەک ڕێنمایی بۆ ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە بڵاو دەکاتەوە

100%

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەولێر، ئاگادارییەکی گرنگ ئاراستەی هاووڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت؛ بەهۆی زۆریی ڕووبەری پۆش و پاوان و گیا وشکبووەکان و چاوەڕوانکردنی شەپۆلێکی بای بەهێز لە وەرزی داهاتوودا، مەترسیی تەشەنەسەندنی ئاگر لە هەموو کاتێک زیاترە.

بەرگریی شارستانی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە خاوەن بەنزینخانە، پاڵاوگە، کۆگا، کارگە و کێڵگە پەلەوەرییەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرە بۆ پاراستنی سەروماڵی خۆیان و ژیانی کارمەندەکانیان. لەم چوارچێوەیەشدا چەند ڕێنماییەکی سەرەکی بڵاو کردووەتەوە.

یەکەم: ڕێکارەکانی پاراستنی دەوروبەر

-  پێویستە دەوروبەری کۆگا و پڕۆژەکان بە پانی لانی کەم 10 تا 15 مەتر لە هەر جۆرە گیا و پۆش و پەڵاشێکی وشک پاک بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەڕینەوەی ئاگر بکرێت.

- : پێویستە کارتۆن، تەختە، کۆنە کەلوپەل و پاشماوەی ڕۆن کە زوو گڕ دەگرن، لە حەوشە و پەنا دیوارەکان دوور بخرێنەوە.

-  بە هیچ شێوەیەک نابێت بۆ مەبەستی پاککردنەوە، پۆش و پاوان بسووتێندرێت، چونکە بەهۆی باوە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم دەبێت.

دووەم: ئامادەباشی و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە

- دابینکردنی تەنکەری ئاو و سۆندەی پەستانی بەرز لە ناو پڕۆژەکاندا.

- دڵنیابوونەوە لە کارکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ و گەرمی.

- پشکنینی ساڵانە بۆ ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوەی دەستی و دڵنیابوون لەوەی بەسەرنەچوون.

سێیەم: پاراستنی تۆڕی کارەبا و سووتەمەنی

- پشکنینی وایەرە ڕووتەکان و بەکارنەهێنانی بەستەری ناستاندارد لە ناو کۆگا و کارگەکاندا.

- پاککردنەوەی بەردەوامی ژێر تاوەرەکانی کارەبا و محەویلەکان.

- دوورخستنەوەی مۆلیدە و تانکی سووتەمەنی لەو شوێنانەی گیای وشکیان تێدایە.

چوارەم: ڕێکارەکانی کاتی فریاگوزاری

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی داوا دەکات لە کاتی هەستکردن بە هەر دووکەڵ یان ئاگرێک، پێش ئەوەی بارودۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 115ـەوە بکرێت. هەروەها جەخت لە ڕاهێنانی بەردەوامی کارمەندان دەکرێتەوە بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە و ڕێگاکانی چۆڵکردن لە کاتی ڕووداوەکاندا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.