ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆ ڕەنگکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی وەک تەماتە، شوتی، سێو و هەنار قەدەغە کرد و بە "حەرام" ناوی برد.
ئەنجوومەنەکە جەختی کردەوە کە ئەم کارە دەچێتە خانەی فێڵکردن و غەش، جگە لەوەی زیانی تەندروستیی گەورە بە بەکاربەران دەگەیەنێت.
ئەم فەتوایە دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک هاووڵاتی نیگەرانییان لەبارەی ڕەنگکردنی بەروبوومەکان بۆ شاردنەوەی کوالێتی خراپیان ئاراستەی ئەنجوومەنەکە کردبوو. ئەنجوومەنی فەتوا بۆ دڵنیابوون لە زیانەکان، بە ڕەسمی داوای ڕوونکردنەوەی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری کردووە، ئەوانیش لە وەڵامی ژمارە 7295 لە 11/12/2025 مەترسییەکانی ئەم کارەیان پشتڕاست کردووەتەوە. ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بە فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) کردووە کە دەڵێت "هەر کەسێک فێڵ بکات لە ئێمە نییە"، و جەختی کردەوە کە خواردنی پارەی خەڵک بەو ڕێگەیە نایاسایی و نادروستە.
لە کۆتایی فەتواکەدا، داوا لە جووتیاران کراوە بۆ قازانجێکی کاتیی دنیایی، خۆیان قەرزداری قیامەتی خەڵک نەکەن و پەنا نەبەنە بەر کارە حەرامەکان. هەروەها ئەنجوومەنەکە داوای لە حکوومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد کە ڕێگریی توند لەم جۆرە سەرپێچییانە بکەن و ئەو کەسانەی پابەند نابن سزا بدەن، تاوەکو تەندروستیی گشتی و مافی کڕیاران لە بازاڕەکاندا بپارێزرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.