رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تایمز)ی ئەمەریكی لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی سەربازیی گواستییەوە كە وڵاتەكە پلانی هێرشێكی چڕ و كورت دژی ئێران دادەڕێژێت، هێرشەكەش تایبەت دەبێت بۆ لەناوبردنی درۆن و مووشەكە بالیستییەكان.
ئەم هەواڵەی رۆژنامەكە هاوكاتە لەگەڵ جوولەی سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریكی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بڕیارە لە ئاییندەیەكی نزیكدا هەرسێ كەشتییەكە بگەنە شوێنی مەبەست و دیاریكراو.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەكەدا ڕوونی کردووەتەوە، وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ پلانی بۆ لێدانی کۆگاکانی درۆن و مووشەکی ئێران و حوسییەكانی یەمەن داناوە، بۆ ئەم مەبەستەش 5 پلانی خراوەتە بەردەست.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، تاوتوێی هەر پێنج پلانەكە دەكەن بۆ ئەوەی هێرشێكی کورتخایەن و چڕ لە دژی ئێران و حوسییەكان ئەنجام بدەن.
دوێنێ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا كە لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆی بەرهەمداریان لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، پێش وادەی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس کە بڕیارە لە 3/11/2026 بەڕێوەبچێت، هیچ هێرش و كردەوەیەكی سەربازی لە دژی ئێران ئەنجام نادەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.