Erbil 31°C چوارشەممە 07 تشرینی یەکەم 14:19

لە میسر جۆرێکی نوێی تیمساحی 45 ملیۆن ساڵە دۆزرایەوە

100%

توێژینەوەیەکی زانستیی نێودەوڵەتی، بە هۆی دووبارە پشکنینی پاشماوەیەکی مێژوویی کە ساڵی 1927 لە چیای موقەتەمی قاهیرە دۆزرابووەوە، بووە هۆی ئاشکراکردنی جۆرێکی نوێی تیمساح کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 45 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

دکتۆر شەنریف خاتیر سەرۆکی زانکۆی مەنسوورە، ڕایگەیاند کە ناوەندی زانکۆی مەنسوورە بۆ مێژووی بڕبڕەداران، بە سەرۆکایەتیی دکتۆر هیشام سەلام، بەشدارییان لەم توێژینەوەیەدا کردووە کە لە گۆڤاری "Royal Society Open Science" بڵاوکراوەتەوە. ئەم توێژینەوەیە وەک دەستکەوتێکی گرنگی زانستی و هاوکاریی نێودەوڵەتی وەسف کراوە.

تیمی توێژینەوەکە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ئەم پاشماوەیە جۆرێکی نوێیە و ناویان ناوە "هێرۆگافیالیس" (Hero gavialis). دکتۆر هیشام سەلام ئاماژەی بەوە کرد، ناوی جۆرەکە پەیوەندی بە پەیکەری ئەبو ئەلهۆلەوە هەیە؛ چونکە پاشماوە مێژوویەکە لە ناوچەی موقەتەم دۆزراوەتەوە کە بەردەکانی نزیکن لەو ناوچەیەی ئەبو ئەلهۆلی لێیە. هەروەها بەشێک لە لووتی جمجمەکە ون بووە، کە ئەمەش هاوشێوەی بێلووتی پەیکەری ئەبو ئەلهۆلە.

توێژینەوەکە بە هاوکاریی تیمێکی نێودەوڵەتی و بە پشتبەستن بەو نموونانەی کە لە مۆزەخانەی شتوتگارتی ئەڵمانیا پارێزراون، ئەنجامدراوە. تێیدا پشکنینی ورد بۆ پێکهاتەی ناوەوەی جمجمەکە کراوە و بە شێوەی دیجیتاڵ دووبارە بنیات نراوەتەوە، ئەمە جگە لە شیکاریی ئەناتۆمی و پەیوەندییە پەرەسەندنەکانی.

ئەم پاشماوە مێژوویە بۆ ماوەی دەیان ساڵ بە ناوی "تۆمستوما کایرینسی" ناسرابوو، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە ئەم تیمساحە پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە جۆرەکانی دیکەوە نییە و جۆرێکی سەربەخۆیە.

 

 

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.