وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند کە تاران کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی لەدەست داوە و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییەوە گەڕاوەتەوە بۆ نزیکەی ئاستی پێش دەستپێکردنی ململانێکان.
مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: گەرووی هورمز کراوەیە و بڕی ئەو نەوتەی ئێستا پێیدا تێپەڕ دەبێت، نزیکە لەو ئاستەی پێش دەستپێکردنی ئەم ململانێیانە هەبوو. بۆیە دەتوانین بڵێین ئێران کۆنترۆڵی تەواوی گەرووەکەی لەدەست داوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا بوونەتە هۆی ئەوەی ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی داڕمانێکی تەواو و گشتگیر ببێتەوە و ئێستا وڵاتەکە لە دۆخێکی ئابووریی زۆر سەخت و هەستیاردایە.
سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ڕۆبیۆ جەختی کردەوە کە ئێران چەندین دەرفەتی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لەدەست داوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و گوتی: ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمە شتێکی سادەیە و کۆتایی چیرۆکەکەیە. هەر ڕێککەوتنێکیش لەگەڵ تاران بکرێت، دەبێت مسۆگەری ئەوە بکات کە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەم لێدوانانەی ڕۆبیۆ ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە ئەمەریکا لە گرتنەبەری ستراتیژیی گوشاری زۆر دژی ئێران بەردەوامە و هیچ سازشێک لەسەر دۆسێی ئەتۆمی ناکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.