وەزارەتی بەرگریی عێراق کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لە کاتی کێوماڵکردندا لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەی چەکدارانی داعش لە باشووری نەینەوا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیوا یەحیا ڕەسووڵ عەبدوڵڵا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە سنووری بەرپرسیارێتیی لیوای 27ـی میکانیکی سەر بە فیرقەی حەوتی پیادە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، دوو سەرباز کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەی چەکدارانی تیرۆریستی داعش لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی گەڕان و پشکنین لە باکووری بیابانی ڕاوە لە باشووری نەینەوا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هاوکات وەزارەتی بەرگری سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییان دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازێت.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری جەختیشی کردەوە، هێزەکانی سوپا بە ئیرادەیەکی پتەوەوە لە سەرجەم کەرتەکان بە شەو و بە ڕۆژ بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوەکانیان، لەگەڵ ئاراستەکردنی گورزی یەکلاکەرەوە بۆ سەر حەشارگەکانیان تاوەکو بنبڕکردنی یەکجارەکییان و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری لە تەواوی خاکی وڵاتدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.