کۆمپانیای کەشتیوانی بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار لە دوای چەندین دەیە لە ڕێگەی کەشتییەکی زەبەلاحی خاوەن توانای دوو ملیۆن بەرمیل، پرۆسەی گواستنەوەی نەوتی لە دەرەوەی بەکارهێنانی گەرووی هورمز ئەنجام داوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی قەیس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کەشتیوانی بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و بە سەرپەرشتیی وەزیری نەوت، بۆ یەکەم جار لە دوای چەندین دەیە پرۆسەی گواستنەوەی نەوتمان لە دەرەوەی بەکارهێنانی گەرووی هورمز ئەنجام دا و گۆڕانکاریی ڕیشەییمان لە ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوتدا جێبەجێ کرد".
عەلی قەیس ئاماژەی بەوە کرد، بە هاوکاریی کۆمپانیا شارەزاکان، کەشتییەکی زەبەلاحی جۆری (ڤی ئێڵ سی سی - VLCC) بە کرێ گیراوە کە توانای گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکی باشتری ڕەخساندووە بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق بە نرخێکی گونجاوتر لە بازاڕەکاندا.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای کەشتیوانیی نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئێستادا گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ کڕینی کەشتیی تایبەت بە خۆیان، بە مەبەستی پەرەپێدانی توانا لۆجستییەکانی کۆمپانیاکە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەشتیی بەکرێگیراو، هاوکات ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە پلانی فراوانکردنی چالاکییە نەوتییەکانی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.