خاتوو سەبریە ئەحمەد قادر، ناسراو بە "سەبریە مام ئەحمەد"، تێکۆشەر و هەڵگری میدالیای بارزانی، پاش تەمەنێک لە خەبات و بەشداری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، کۆچی دوایی کرد.
سەبریە مام ئەحمەد کێیە؟
خاتوو سەبریە ئەحمەد قادر لە 7ـی کانوونی دووەمی 1940 لە گەڕەکی حەوشی گەورەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا چووەتە قوتابخانە و بەهۆی لێهاتووییەوە، لەلایەن مامۆستاکەی، خاتوو (ناهیدەی شێخ سەلام)، ئەرکێکی نهێنی لە خەباتی کوردایەتیدا پێسپێردراوە.
خوالێخۆشبوو سەبریە مام ئەحمەد لە ساڵانی 1970 بۆ 1974 بووەتە ئەندامی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان. هەروەها لەلایەن خاتوو زەکیەی ئیسماعیل حەقی، سکرتێری ئەوکاتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بانگهێشتی کۆنگرە لە بەغدا کراوە. لە ساڵانی (1991 - 1992) وەک بەرپرسی یەکێتیی لقی سلێمانیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، دەستنیشان کراوە.
لە ساڵی 2010 بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی، لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە (میدالیای بارزانی) پێبەخشراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.