Erbil 31°C یەکشەممە 04 تشرینی یەکەم 11:53

دوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا

100%

لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 و ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی نۆ، سەردانی بەغدا دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەستپێدەکاتەوە، و ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی باڵا بە مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی (2027) دەچێتە بەغدا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە هاوکات شاندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی نۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات، ناردنی ئەم دوو شاندەش دەبێتە هۆی خێراکردنی ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر دواکەوتنێک و هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی شایستە داراییەکان لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا بەپێی ڕێککەوتنەکان.

شایەنی باسە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بودجە و شایستە داراییەکان، پێشتر چوار کۆبوونەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجام درابوون کە سێ کۆبوونەوەیان لە ئاستی تیمە تەکنیکییەکان و یەکێکیان لەسەر ئاستی باڵای شاندەکان بووە و تێیاندا پێداگری لەسەر مافە داراییەکان کرابووەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.