ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و نهێنییان ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە شەڕی دژ بە ئێران و ململانێی سعوودیە و حووسییەکان.
ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ـی ئەمەریکی لە زاری سێ بەرپرسەوە بڵاوی کردەوە: دوێنێ هەینی، ئەندامانی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا بۆ چەندین کاتژمێر لە "کامپ دەیڤید" کۆبوونەتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە شەڕی دژ بە ئێران و ململانێی نێوان سعوودیە و حووسییەکان.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەم کۆبوونەوەیە بە تەواوی نائاسایی بووە و کۆشکی سپی پێشوەختە ڕاینەگەیاندبوو، هاوکات ڕەتیشی کردووەتەوە هیچ لێدوانێکی لەسەر بدات، دوایین جاریش کە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە ئەنجام درابێت لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 بوو، ئەویش تەنیا چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بوو.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسان، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بەڕێوە چووە و تێیدا هەریەک لە مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ، ستیڤ ویتکۆف نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (سی ئای ئەی) و جەنەراڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش بەشدارییان تێدا کردووە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، یەکێک لە بەرپرسەکان بە ئاماژەدان بە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر پرسەکان دراوە، یان لانیکەم بە قووڵی تاوتوێ کراون".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.