وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر سێ کەس و دوو ڕێکخراوی خێرخوازی لە فەڕەنسا سەپاند، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تۆڕێکی دارایی کە لە ڕێگەی ڕێکخراوی خێرخوازی و دراوی ئەلیکترۆنییەوە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری بۆ بزووتنەوەی حەماس دابین کردووە.
ئەمڕۆ هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئەم سزایانە پەردە لەسەر پێکهاتەیەکی دارایی پێشکەوتوو لادەدەن کە ساڵانێکە کار دەکات و لە ڕێگەی دامەزراوەی خێرخوازیی چەواشەکار و دراوی ئەلیکترۆنییەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری بۆ بزووتنەوەی حەماس گواستووەتەوە، ئەمەش توانای بزووتنەوەکە دەردەخات لە خۆگونجاندن لەگەڵ ڕێگاکانی کۆکردنەوەی پارە بۆ خۆدزینەوە لە چاودێری.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سزاکان هەریەک لە (سەلیم عەبدوڵڵا سەلیم ئەلزەق) دەگرێتەوە کە ئەندامێکی حەماسە و سەرپەرشتیی تۆڕە داراییەکە دەکات و لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەکەش کار دەکات، هەروەها هەردوو هاووڵاتی (فەوزی بەریکە) و (ئامال وەلید) لە فەڕەنسا بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی دوو ڕێکخراوی خێرخوازی بە ناوەکانی "Association Baraka"و "Ensemble C'est Mieux" بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە سزادراون، و هەردوو ڕێکخراوەکەش خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم تۆڕە لە نێوان ساڵانی 2020 تاوەکو 2026 زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە، کە 1.5 ملیۆن دۆلاریان لە دوای هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بووە.
سەپاندنی ئەم سزایانەی واشنتۆن دوای هەفتەیەک دێت لە ڕاگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، کە تێیدا باسی لە بەئامانجگرتنی تۆڕێکی دارایی کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە لە ڕێگەی دەیان نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە کەرتی غەززە و چەندین وڵاتی دیکە، گواستنەوەی داراییان بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ بزووتنەوەی حەماس بەڕێوە بردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.