سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەمەریکا ڕاگەیاند بۆ دەستپێکردنەوەی 40 گەشتی ئاسمانیی ڕۆژانەی هێڵە فڕۆکەوانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف، بەبێ هێڵی ئاسمانیی (ماهان).
ئەمڕۆ هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ڕاگەیاندووە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دەدرێت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و بەپێچەوانەشەوە، بە تێکڕای 40 گەشتی ڕۆژانە، جگە لە هێڵی ئاسمانیی (ماهان).
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم ڕێککەوتنە دوای زنجیرەیەک پەیوەندی و بەدواداچوونی سەرۆک وەزیران لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتووە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئاسانکاریکردن لە هاتوچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران، پاڵپشتیکردنی لایەنە مرۆیی، چارەسەری پزیشکی، گەشتیاری و خوێندن.
عەلی زەیدی ستایشی هەڵوێستی ئەرێنیی حکوومەتی ئەمەریکای کرد بەرامبەر بە هەوڵەکانی عێراق و هاوکاریکردنی لە پێدانی لێخۆشبوونی پێویست، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە چارەسەرکردنی دۆسیەی گەشتەکان و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی گەشتیاران، بەتایبەتی ئەوانەی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، گەشتیاری و سەردانی مەزارگە ئایینییەکان گەشت دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە: جووڵەی فڕۆکەوانی تەنیا گواستنەوە نییە لە نێوان دوو فڕۆکەخانەدا، بەڵکوو پردی پەیوەندییە لە نێوان گەلاندا بۆ گەیشتنی نەخۆشان بە شوێنی چارەسەر، زیارەتکاران بۆ مەزارگە پیرۆزەکان، و شادبوونەوەی خێزانەکان، جگە لەو گرنگییە زۆرەی بۆ کەرتی گەشتیاری، ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیەتی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: عێراق لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا پشت بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی و بنیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ و ئەرێنی لەگەڵ وڵاتاندا دەبەستێت، و سەرۆک وەزیرانیش بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو ئاستەنگەکانی بەردەم جووڵەی گواستنەوە و فڕۆکەوانی تێکبشکێنێت، بە جۆرێک کە خزمەت بە عێراق و بەرژەوەندیی گەشتیاران بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.