Erbil 31°C شەممە 03 تشرینی یەکەم 02:12

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی شاری مامۆستایان کۆنتڕۆڵکرا و گیانلەدەستدان نەبووە

100%

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی لە باڵەخانەیەکی شاری نیشتەجێبوونی مامۆستایان و ڕزگارکردنی زیاتر لە 40 هاووڵاتیی ڕاگەیاند، هاوکات ئاشکرای کرد کە پێشتر بە فەرمی هۆشدارییان لە بوونی مەترسی لەو شوێنە دابوو و ڕووداوەکەش هیچ گیانلەدەستدانێکی لێنەکەوتووەتەوە.

شەوی هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتژمێر 9:14 خولەک، ئاگر لە باڵەخانەیەکی شاری نیشتەجێبوونی مامۆستایان لە هەولێر کەوتەوە و چەندین کەس لەنێو باڵەخانەکەدا گیریان خوارد. دواتر تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەر زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی کە لەنێو باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو. 

عەقید شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: وەک بەڕێوەبەرایەتی پێشتر نووسراوی فەرمیمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لەم شوێنەدا هەیە، ئەو شوێنەشی ئاگرەکەی لێ کەوتووەتەوە نهۆمی چوارەمە کە شوێنی ڕاکێشانی کارەبای هەموو بیناکەیە، لەبەر ئەوەی دەرگاکانی دژەئاگر نەبوون و پلاستیکی بوون، بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە خێراتر بۆ نهۆمەکانی خوارەوە و سەرەوە تەشەنە بکات.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی گەیشتنی خێرای تیمەکانیان، زوو توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، گوتیشی: "تیمەکانمان نهۆم بە نهۆم بە پەیژە و لە ڕێگەی بتڵی ئۆکسجینەوە هاووڵاتییانیان ڕزگار کردووە، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نییە، تەنیا چەند کەسێک بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، زیاتر لە 40 کەسیشمان ڕزگار کردووە و هەموویان سەلامەتن".

سەبارەت بە دۆخی ئێستای باڵەخانەکەش، عەقید شاخەوان سەعید ڕوونیکردەوە: "ئاگرەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە و ئێستاش تیمەکانمان بۆ دڵنیابوونەوە دەرگا بە دەرگای شووقەکان دەگەڕێن، تاوەکو دڵنیا بینەوە کە هیچ کەسێک لە ژوورەوە بەجێ نەماوە".

لە کۆتاییشدا گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد،  16 تیمی بەرگریی شارستانی، هەردوو تیمی ڕزگارکردن و ئۆتۆمبێلی پەیژەدار (سولەم) لەگەڵ سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ کوژاندنەوە و فریاگوزاری پێویست بوون، لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوون و ڕۆڵی کاریگەریان لە دەربازکردنی هاووڵاتییاندا هەبوو.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.