Erbil 31°C دووشەممە 28 ئەیلوول 16:38

وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی سیستەمی بەرگری دەردەبڕێت

100%

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی 30ـی ئەیلوول هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکشێنەوە. ڕاشیگەیاند کە هێزی پێشمەرگە بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ لە ئامادەباشیدایە.

گرنگترین خاڵەکانی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:

- ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و ئەمەریکا و هاوپەیمانانە، بەڵام لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.

- لە کاتی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1000 جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان کەوتوونەتە ناوچە مەدەنییەکان و شەهید، بریندار و زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە.

- جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمەریکاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە و پاراستنی ئاسمانی هەرێم وەک بەشێک لە ئاسمانی عێراق، ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتی فیدراڵە.

- هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە ڕابردوودا پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، بۆ هەر ئەگەر و بارودۆخێکی نەخوازراو لە داهاتووشدا ئامادەیە و ڕووبەڕووی مەترسییەکان دەبێتەوە.

- وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق، پەیوەندییەکی دەستووری و ئەمنیی پتەوی لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە و لە کارکردنی هاوبەش و هەماهەنگیدا بەردەوام دەبێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە وێڕای دەربڕینی ڕێز و سوپاس بۆ هاوکاری و پشتیوانییەکانی ڕابردووی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتیخوازدایە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.