ئەسعەد مەردۆخیی قەرەداخیى
هونەرمەند، نووسەر و ئاكاديمگەر...!
یەكێك لەشانازییەكانى نەتەوەكەمان ئەوەیە، كەلە كوردستانى گەورە چەند بنەماڵەیەك هەن، تەواوى بنەماڵەكە هەموو هێز و توانایان خستۆتە گەڕ لەپێناو خزمەتكردن بە نەتەوەكەیان، هەریەك لەو بنەماڵە ئازیزانە لەڕێی هونەر بەهەموو شێوەكانییەوە و وێژە و زوان و نووسین خۆیان تەرخان كردوە و ئەمڕۆ بوونەتە ناو و ناوبانگ و جێ دەست و كار و بەرهەمەكانیان بەرچاون و جێى ڕێزو پێزانین و بەرزنرخاندنن ... .
ئەوەى من لێرەدا مەبەستمە هونەرى مۆزیك و گۆرانییە، وەك بنەماڵەى (كامكارەكان،، عەندەليبیەكان، ماملێیەكان، مەرجانەكان، نامدار قەرەداخیى و تا دەگاتە بنەماڵەى مامۆستا و هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخیى)، هەریەك لەو بنەماڵە ئازیزانە بەبێ ماندوبوون تێكۆشاون، خزمەتیان بە هونەرى ئاواز و مۆزیك و گۆرانى كوردیى كردوە.... .
یەكێك لەو هونەرمەندانەى ساڵانێك لەڕێى دەست و پل و پەنجە هونەرییەكەیەوە بەئامێرى (قانوون و سەنتوور) خزمەتى كردوە هونەرمەند و گۆرانیبێژ و نووسەر و مامۆستا(ئەسعەد قەرەداخیى) یە ... .
بەهۆى سەرقاڵى و بژێوى ژیان و بارودۆخى وڵات ساڵانێكە ئەو دەست و پەنجە جوانە هونەرییەوە و گەرووە شیرینە كوردانەیە لەگۆڕەپانى هونەر دووركەوتۆتەوە و بەشێوەیەكى دیكە سەرگەرمی مامۆستايەتیی، لەگەڵ خەريكبوونی بە وانينەوە و پەيگەریی Research، وتارنووسين، لەو بوارانەيشدا مێژوویەكى جوانى بۆخۆیی نەخشاندوە.... .
ئەسعەد قەرەداخیى و كارو تێكۆشانە هونەرییەكانى ..!
ئەسعەد عومەر محەمەد مەردۆخیى قەرەداخیى، ناسراو بە (ئەسعەد قەرەداخیى)، لەساڵى (1951) لە خانەوادەیەكى دینیی و ڕۆشنبیر لەشارى (هەڵەبجە) لەدایكبوە، ئەو بنەماڵەیە بەڕەچەڵەك (مەردۆخیی) و باب و باپیرانیان لە (قەرەداخ) نیشتەجێ بوون، ناوى ( قەرەداخ) بۆتە پاشگر و ناسناوى هەموو بنەماڵەكەیان،
ئەسعەد قەرەداخیى (7) براو خوشكێكى لەخۆى گەورەتر هەیە، واتە ئەسعەد دواین منداڵی خانەوادەى (شێخ عومەر محەمەد مەردۆخیى قەرداخیی)بوە، بەداخەوە لەتەمەنى منداڵیدا باوكى كۆچى دوایی دەكات،
(من لەهەموویان بچووكترم ، بەداخەوە من باوكم نەبینیوە، دایكم گۆشى كردووم و جێی هەموو شتێكى بۆ پڕكردمەوە، براكانیشم دڵسۆزانە كەمتەرخەميان نەكردوە لەگەڵم).... .
بنەماڵەكەیان لەساڵى(1954) شارى هەڵەبجە جێدێڵن و ڕوودەكەنە شارى سلێمانیى و بۆهەمیشە لەوشارەدا نیشتەجێ دەبن و كارو بەرهەم و تێكۆشانەكانیان لەبوارى دينیی، مۆزیك، گۆرانى، هۆنراوە و پەروەردە و فێركردن، تیشكى ڕووناكییان بەهەموو كوردستاندا بڵاودەبێـتەوە.... .
ئەسعەد قەرەداخیى دەخرێتە بەرخوێندن، یەكەم وێستگەى پەروەردە و فێربوونى ئەلف بێى كوردیى لە قوتابخانەى سەرەتایی (فەیسەڵیە) و قوتابخانەی غازیی. دواجار لە قوتابخانەی پيرەمەگروون. لەم دوا قوتابخانەيەدا، بەيانيانی شەموان لە ڕێزكردنی خوێندكاران بانگێژدەكرا بۆ چالاكیی، سروودە نيشتمانييەكان بەتايبەتیی سروودەكانی شاعيری گەورە زێوەر كە زۆرجار بانگێشتيان دەكردم بۆ چڕينی ئەو سروودانە ..... .
قوناخی ناوەندیى و ئامادەیی لە سلێمانیی تەواودەكات.... .
لە زانكۆی سلێمانیی بڕوانامەى زانکیی (B.Sc لە بوارى زانستى (كیمیا)، ساڵى ( 1972 - 1973) بەدەست دێنێت. دواى تەواوكردنى خوێندن لە ساڵی (1975) بە (موعيد)Demonstrator لە بەشی كيميا/زانكۆی سلێمانیی، لە بواری ئۆرگانۆكيميا Organochemistry و ژيۆكيميا Biochemistry دەستبەكاربوە.... .
ساڵی2000ز، بڕوانامەی B.Sc. لە پەروەردە ((پێداگۆجییPedagogy))/ ستۆكهۆڵم/ سويد وەرگرتوە.... .
هونەرمەند، لەماوەى خوێندنى لە زانكۆى سلێمانیى، جگەلە خوێندن و هەست و خولیا هونەرییەكەى، لەخەمى نووسین و زانستدا بوە. ... .
لەو دوو دواساڵەی خويندنيدا لە زانكۆ، لەگەڵ چەند هاوكارێكيدا گۆڤارێكی زانستيی وەرزيی بەناوی (كۆلێژی زانستەكان)ی هێناوەتەبەرهەم و هەر بەخۆيشی سەرپەرشتى گۆڤارەكەى كردوە... ..
لە هەموو چالاكييەكی هونەریی و ميهرەجانەكانی زانكو بەشداریی كردوە و ڕۆڵی سەرەكی گێڕاوە تێيدا.... .
ئەسعەد قەرەداخیى و هەنگاونانى بۆ نێو جيهانى هونەر..!
خولیاى هونەرمەند و مامۆستا (ئەنوەرقەرەداخیى 1946/هەڵەبجە)ی لە تەمەنى منداڵییەوە مۆزیكى هەبوە و هەوڵى داوە و دواتر كە دێنە سلێمانیی لە قوتابخانەی فەيسەليە وەردەگيردرێت. لەڕێى مامۆستای هونەرمەند ولیەم یوحەننا(1934-14/9/2005) پەی بە توانا و بەهرەكەى دەبات، زۆر گرنگیى پێدەدات و دەخرێتە گرووپى سروودى قوتابخانە و بەیانیان لە گۆڕەپانى قوتابخانەكە سروودى بۆ قوتابیان خوێندوە، بەوشێوەیە بەردەوام بوە تاگەیشتۆتە ئاواتەكەى. مامۆستا ئەنوەر قەرەداخیى لە (26/1/1964) بە پلەى یەكەم بڕوانامەى مامۆستايەتیی لە خانەى مامۆستایانى سلێمانیى بەدەست دێنێت و دەبێت بە مامۆستا. مامۆستا ئەنوەر لەڕێی توانا و بەهرەو دەست و پەنجە زێڕینەكەیەوە كاریگەرى لەسەر هەست و ئارەزووەكانى ئەسعەدى برا دادەنێت.... .
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى زۆر بە ڕانەویی(ڕاشكاویی) دەگێڕێتەوە: {كاك ئەنوەرى برام، چەند ساڵێك لەمن گەورەتربوو،هەر لەمنداڵییشەوە پێگەوە گەورە بووین، هەميشە وەك هاوڕێیەكيش بووین.... .
من لە قۆناغى ناوەندییەوە كەوتۆمەتە كاری هونەریی. لەیادمە كاك ئەنوەر ئامێرێكى (قانوون)ى كڕیبوو لەماڵەوە داینابوو، هەركاتێك لەماڵ نەدەبووایە، بەبێ دەنگ قانوونەكەم دەردەهێنا و خۆم پێوە خەرێك دەكرد، تاجارێك بەبێدەنگی هات بەسەردا و بینى كە هەوڵ دەدەم فێربم، ئەگەرچیی لەسەرەتادا هەستم بە تووڕەبوونی كرد، بەڵام دوایی هێوربوە و گوێی لێگرتم چيدەكەم، ئیتر لەو ڕۆژەوە پشتیوانى لێدەكردم و بوە هاوكارم}. هەر بۆ ماوەيەك هێدی هێدی هەست بە پێشكەوتن دەكرد و ئەويش ڕێنمايي دەكردم. تاگەيشمە ئەو ئاستەی لە نێو تيپی مۆسيقای سلێمانييدا وەك قانوونژەن خۆم ببينمەوە.... .
ئەسعەد قەرەداخیى بچووكترین ئەندامى تیپى مۆسیقاى سلێمانیى..!
یەكێك لە تیپە مۆسیقاییەكانى كوردستان، مێژوویەكى پڕبەخشندەی هونەریی هەیە و خزمەتێكى زۆرى بە زیندووكردنەوە و پاراستنى فۆلكلۆر و پێشخستنى مۆزیك و گۆرانى لەكوردستاندا كردوە، بەمەبەستى بوژاندنەوە و پەرەپێدانى گۆرانى و مۆزیكى ڕەسەنى كوردیى لە (23/5/1967) تیپى مۆسیقاى سلێمانیى دادەمەزرێنرێت و چەندین بەرهەمى جوان پێشكەش دەكرێت.... .
لەڕێکەوتى ( 2/4/1969) لەگەڵ هونەرمەندانى شانۆ یەك دەگرن و ناوى دەنێن ( تیپى نواندن و مۆسیقاى سلێمانیى)، لەبەر تایبەتمەندێتیی هونەرییەكانى هەردوو بوارى هونەر (نواندن و مۆزیك) دواى یەك ساڵ تیپى مۆسیقاى سلێمانیى جیادەبێتەوە و لەهەوڵى وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمیى دەبن بۆ تیپى ناوبراو.... .
لەڕێی فەرمانى وەزارى وەزارەتى ڕاگەیاندن و دەزگاى گشتیى ئیستگە و تەلەفزیۆن و سینەما بەفەرمانى ژمارە ( 10297) لە ( 23/5/1973) بەناوى ئەم پێنج هونەرمەندەوە مۆڵەتى فەرمى كاركردن وەردەگرن:-
هونەرمەندان (ئەنوەر عومەر قەرەداخیى، فەرەیدون سەعید دارتاش، فەرید عیسا نەزەر، ولیەم یوحەننا و محەمەد ئەمین) .
لەڕێکەوتى 7/6/1973ز، یەكەمین دەستەى كارگێڕیی تیپى مۆسیقاى سلێمانیى لەڕێى هەڵبژاردنەوە دامەزرا كە لەم هونەرمەندانە پێكهاتبوون:
1/ م، ئەنوەر عومەر قەرەداخیى (سەرۆكى تیپ).
2/ م ، فەرید عیسا نەزەر ( سكرتێرى تیپ) .
3/ م، فەرەیدون سەعید دارتاش (ژمێریارى تیپ).
4/ م، ولیەم يوحهننا خنانيشۆ( كارگێڕی هونەریى).
5/ م، محەمەد ئەمین حسێن (كارگێڕى تيپ).
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى لەگەڵ دەستپێكى كارو تێكۆشانە هونەرییەكانى تیپى مۆسیقاى سلێمانیى بۆتە ئەندامى تیپى ناوبراو وەك ژەنیارى ئامێرى (قانوون) و پاشان وەك گۆرانیبێژ.
(من یەكێك بووم لە ئەندامى دامەزرێنەرانى تیپى مۆسیقاى سلێمانیى و دەتوانم بڵێم بە تەمەن لە هەموویان تەمەن بچووكتر بووم، بەئامێرى (قانوون) بەشداربووم و دواتر بە گۆرانیى).... .
یەكەم گۆرانى بەناوی (تەنكە) لە تەفزيۆنی کەركوك تۆماركردوە.
(ئەو گۆرانیانەى چڕيومە لەگەڵ هونەرمەندانى تیپى مۆسیقاى سلێمانیى، زۆربەيان لە ئاواز و دابەشكردنى مۆزیك لە ئامادەكردنی كاك ئەنوەربوە. دەتوانم ئەوەيش بڵێم كە لە تۆن و سروشتی دەنگم تێگەيشتبوو و كارەكانی لەسەر دەنگی من دادەڕشتەوە).... .
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى یەكێك بوە لە دامەزرێنەرانى(تیپى مۆزیكى زانكۆ) و( تیپى ميللیی زانكۆى سلێمانیى ) سەربە مەڵبەندى ڕۆشنبیریى زانكۆى سلێمانیى. دەگێڕێتەوە و دەڵێت ئەو تيپە فۆڵكلۆرييە كە دامەزرێنرا، بە ڕاوێژكردن لەگەل كاك ئەنوەر كە سەرپەرشتياری تيپەكە بوو. توانرا بۆ يەكەمـجار لە كوردستانی باشوور ئامێری سەنتوور بهێنرێتە ئاراوە و وەك ئامێرێكی ڕەسەنی كوردیی بەكاربهێنرێت.... .
لە هەر دوو تیپەكەدا وەك ژەنیارى قانوون و ئامێرى (سەنتوور ) و گۆرانیبێژ جێـپەنجەى دیارە. هونهرمهندانی تیپی ميللیی زانكۆ پێكهاتبوون له:- هونهرمهندان (ئهنوهرقهرهداخیی/ئامێری ساز، ئهسعهد قهرهداخیی/ئامێری سهنتوور، ڕهحیم ڕەسوڵ"ناسراو بە ڕەحیمى نەى"/ئامێرژەنی باڵهبان، عەزیزحەكیم عەزیز ئەحمەد"ناسراو بە عهزیز خهمزهیی"/ ئامێری زهڕب، بەختیار محەمەد/ ئامێرى دەفزنجان، جەلال عەلى قادر"/ئامێرى زەرب، گۆرانیبێژی تیپی ميللیی زانكۆی سلێمانیی هونهرمهندان كەریم حەكیم عەزیز ئەحمەد"ناسراو بە كهریم خهمزهیی" و عوسمان عەلى).
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى وەك ژەنیارى (سەنتوور) و گۆرانیبێژ بەشدارى هەموو چالاكییە هونەرییەكانى تیپى مۆسیقاى سلێمانیى و تیپى هونەریی ميللیی زانكۆى سلێمانى كردوە.... .
لەسەروبەندى هەڵگيرسانەوەی شۆڕشى ئەیلوول، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى وەك ئەركێكى نیشتمانى بۆتە پێشمەرگە و لە خەبات و تێكۆشانى لەناو ڕیزەكانى هێزى پێشمەرگە بەشداربوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى لە بەشێكى گرنگى پێشمەرگایەتییدا خەباتى كردوە، نەیتوانیوە لەگەڵ هاوڕێيانی مۆزیكژەن و گۆرانیبێژەكانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى لە تیپى مۆسیقاى شۆڕش كارى هونەریی ئەنجام بدات.... .
چالاكییە هونەرییەكانى هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیی....
دواى نسكۆى ساڵى 1975ز هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى بەهاوكارى هونەرمەندانى تیپى مۆسیقاى سلێمانیى و بەتایبەت هونەرمەند (ئەنوەرقەرەداخیى) بەگوڕ و تێنێكەوە كۆمەڵێك بەرهەمى ناوازە لەگەڵ تیپى مۆزیكى زانكۆ و تیپى مۆسیقاى سلێمانیى بۆ تەلەفزیۆن تۆماردەكات.... .
لەبارەی هەردوو گۆرانی (گیانـگیان و گیان ئازیزەكەم و خۆشی لەسەرچنارە) مامۆستا و هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخیى لە چۆنێتیی تۆماركردنى ئەو دوو گۆرانییەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە چۆن بۆ تەلەفزیۆنى كەركووك تۆماركراوە.
ساڵی 1975ز، لە تەلەفزیۆنی كەركووك گۆرانی (گیانـگیان و خۆشی لە سەرچنارە) بۆ ئەسعەد قەرەداخیی كلیپ كرد.... .
لە ساڵی (1974) لە شارى نەغەدەى ڕۆژەڵاتى كوردستان لەگەڵ برای ئەزیزم هونەرمەند (وریا ئەحمەد كۆیە)، خوالێخۆشبوو(سەباح محەممەد ئەمین) لە ماڵی خۆمان لە نەغەدە تۆمارمانـكرد. ئەگەرچی هەر بۆ تاقیكردنەوە بوو، بەڵام هەر زۆر جوان دەرچوو.... .
لە كاتی تۆماركردنی لە تەلەفزيۆنی كەركووك هونەرمەند (جەمال كابان1947_26/7/2001) خرايەجێی سەباح محەممەد ئەمین، لەبەرئەوەی ئامادەنەبوو کاری هەبوو لە کاتى تۆماركردنەكەدا. ... .
ساڵى (1977)، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى لەگەڵ هونەرمەندانى تیپى ميللیی زانكۆى سلێمانیى بەسەرپەرشتى مامۆستا و هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداخیی) چەند گۆرانییەك بۆ هونەرمەند"كەریم خەمزەیی" لە تەلەفزیۆنى كەركووك تۆماردەكەن.هەر لەهەمان ساڵدا، تیپى میللیى زانكۆى سلێمانیى لەلايەن زانكۆی بەسرە بانگێشت دەكرێت بۆ پێشكەشكردنی چەند چالاکييەك لە هونەری ميللیی كوردیی بەشداربوونی گۆرانیبێژانى (كەریم خەمزەیی)، (عوسمان عەلى وعەبدولقادر حەسەن).... .
لەساڵی (12/9/1978) لە ستۆدیۆى ژمارە(5) تەلەفزیۆنى بەغدا، هونەرمەند ئەسعەدقەرەداخیى وەك ئەندامى دێرینى تیپى مۆسیقاى سلێمانیى بەئامێرى قانوون بەشداردەبێت لەتۆماركردنى چەند گۆرانییەك بۆ هونەرمەندان ( كەریم كابان ،حەسەن گەرمیانى، عوسمان عەلى، كامەران عەبدولمەجید، عەبدولقادر حەسەن و عەباس محەمەد ...).
جیا لە ژەنینى ئامێرى قانوونەكەى لەهەمان ستۆدیۆ بەشێوەى ڕەنگاوڕەنگ گۆرانى تۆماردەكات.... .
لەكاتى پشوودانى تۆماركردنى گۆرانى و ژەنینى مۆزیك لە ستۆدیۆى ژمارە (5)، دەربارەى خاڵە سەرەكییەكانى بەرهەمێكى ڕەسەن و مۆركى كوردیى، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى لەوەڵامى خاتوونى نووسەر و ڕۆژنامەنووس (ئەحلام مەنسوور1951-10/1/2013)، دەڵێت: (بۆ بەرهەمهێنانى گۆرانییەكى پاراوى كوردیى دەتوانم چەند خاڵێكى سەرەكى دەستنیشان بكەم هەمیشە هاوشانى یەكترن، ئەویش هەڵبژاردنى هۆنراوەیەكى ڕێكوپێك و پڕ واتاو گونجا و لەگەڵ بیرى ئاوازدانەر و دەنگى گۆرانیبێژ، ئەگەر لەوبارەیەوە سەیرى بەرهەمەكانم بكەم بەشێوەیەكى گشتیى ئەم ڕەفتارانەى تێدا بەدى دەكەم. ... .
بۆنموونە... لەچەند گۆرانییەكدا هۆنراوەى فۆلكلۆریم لەگەڵدا وتووە، ئەویش لەبەر شێوەى ئاوازەكانە كە مۆركێكى فۆلكلۆری كوردیی تێدا دەبیسترێن، لەچەند بەرهەمێكى تردا چ ئاواز و چ هۆنراوە گوڕ و تینێكى نوێ و گونجاوى تێدا هەست دەكەم كە مۆركە كوردییەكەى تێدابێت.... .
ئەم ڕێبازەى كە لەسەرى دەڕۆم، ئەویش بووژانەوەى هونەرى مۆزیك و گۆرانییە بەشێوەیەكى ڕێكوپێك و هەستێكى كوردەواریی پاراو ببەخشێت كە تایبەت بێت بەدەنگى خۆمەوە بەبێ لاسایی كردنەوە بێگومان بەشانازیشەوە دەڵێم لەگەڵ كاكە ئەنوەر زۆر هاودەنگ و هاوسازی يەكتربووين لەم ڕێبازەدا، ئەمەيش وايكردوە كە زۆربەی ئاوازەكان هەر بۆ دەنگی من بشێن.... .
لەدەستپێكى كارى هونەرییەوە هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى جیا لەو ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانى و نەتەوەییانە بەدەنگ و بەژەنین بەشدارى كردوە، بەپێى بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەى بەڕێز (هاشم جەبارى) لەكتێبەكەیدا ئاماژە بە (14) گۆرانى دەدات بۆ هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى لەتەلەفزیۆن تۆماركراوە.
هونەرمەند لەساڵى (1996) لەوڵاتى (سوید) نیشتەجێ دەبێت.... .
بەداخەوە لەكارى هونەری دابڕاوە، بەڵام لە گەڵێك بوارى دیكەدا ئەو دابڕانەی پڕكردۆتەوە، ئەويش كاركردن لە سێ تەوەری سەرەكیی جياوازدا بۆ خزمەتى گەل و نيشتمان لە بوارەكانی ((زوان– مۆزێك – زانستەكان)) كە هونەری مۆزڕك ڕۆڵێكی باڵا دەگێڕێت تێياندا.... .
*. دواى گەیشتن و مانەوەى لە (سوید) جارێكى دیكە چۆتەوە بەرخوێندن، لەساڵى (2000)، بڕوانامەی لە بواری زانستی پەروەردە لە زانكۆى(سۆدرتۆرن/ ستۆكهۆڵم وەرگرتوە.
*. هونەرمەند و مامۆستا ئەسعەد قەرەداخیى بۆ ماوەی ساڵێك لە بەشی ژيۆكيميا Biochemistry لە ناوەندی زانستگەريی نۆڤوم Novum/ستۆكهۆڵم دەستبەكاربوە و بەشداریی لە چەندين پرۆژەی زانستگەرییScientific research . كردوە
*. لەساڵی (2003)، بە پيشەی مامۆستايەتیی دەستبەكاربوە و بەردەوام بوە لەسەر ئەو ئەركە پیرۆزە تا ساڵی (2018) خانەنشین بوە.
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخى وەك هونەرمەندێكى بەئەمەك و خەمخۆر بۆ هونەریی مۆزیك و ئاواز و گۆرانى ڕۆڵى هەبوە لە دامەزراندنى:
1/ تيپی مۆسيقای سلێمانیى.
2/ تيپی مۆزيكی زانكۆ/ زانكۆی سلێمانیى و لەو قۆناغەدا سێ گۆرانيی بۆ تەلەفزيۆنی تۆماركردوە.
3/ تيپی موزيكی "فۆلكلۆر" زانكۆى سلێمانیى، وەك ژەنياری ئامێری سەنتوور.
4/ كۆمەڵەی هونەرمەندانی كوردستان.
5/ سەنديكای وەرگێڕانی كوردستان.
6/ سەنديكای كيمياگەرانی كوردستان .
هونەرمەند و مامۆستا ئەسعەد بەدرێژايی ئەو ساڵانەيدا، لەپاڵ كاركردن و وانەوتنەوە دا چەندين وتار و نووسينی جۆراو جۆر و و ناميلكەی نووسیوە و هێناوەتەبەرهەم، هەروەها ڕەوانبێژێكی بەتوانايە لە زوانەكانی كورديی، عارەبيی، ئينگليزيی و سويديی، چڕكردنەوەی ئەرك و وانينەوەكانی لە زاراوەسازيی كورديی، لە داڕشتن و داڕشتنەوەی زۆر زاراوە لەبوارەكانی زانستەسروشتييەكان، هونەريی (مۆزیك) و زانستی پەروەردە و زوانەوانیی.
ئەو بابەتانەى كە هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیی وەبەرهەمی هێناون:
1/ مێژووی توخمە كيمياييەكان The history of Elements ، بە دوو بەرگ، (750) لاپەڕە، چاپكردنى زانكۆى سلێمانیى (2006).
2/ بنەماكانی پۆليمەرزانيی و كارپێكردنەكانی Principals of polymer science and their applications "، بەهاوبەشيی لەگەڵ پڕۆفيسۆر(زەنون پیریادیی)، (450)لاپەڕە، چاپكردنی لەلایەن بەڕێوەبەرێتیى چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانى (2010).
3/ چوار توخمە دێرينەكەی سروشThe four classical elements of nature، بەدوو بەرگ(892) لاپەڕە ، بەهاوبەشی لەگەڵ پڕۆفيسۆر( زەنون پيرياديی)، چاپكردنی/ زانكۆی سلێمانیی (2019).
لەبارەی ئەم بەرهەمە زانستيانەوە، پڕۆفيسۆر د. زەنوون پيريادیی لەم دوو بەرهەمەدا /2/ و/3/، نووسيويەتی:-” ڕۆڵی هونەرمەند و كيمياگەری بەڕێز ئەسعەد قەرەداخیی ئەركێكی سەرەکیی هەبوە لە هێنان و داڕشتنی دەيان وشەی كوردیی و داڕشتنەوەيان تاکو شێوەيكی زانستیی وەربگرێت و ببێتە زاراوەكی گونجاو. ئەمەيش هونەرێكە كە هەر لە توانا و لە خۆبوردەیی كاك ئەسعەد/دا زۆر بەڕوونی ديارە”.
4/ تەنگەوەريی Bullying لەنێو خوێنكاراندا، وانينەوەيەكی پەروەردەییە لەبارەی دياردەی توندوتيژیی تەنگەوەريی The phenomenon of bullying violence لە دەبستانە بنەڕەتييەكاندا، (205)لاپەڕە، بەزووانی عارەبى (2013) و بە زووانى كوردیی (2025).
لە بواری هونەری موزێكدا .
1/ فەرهەنگی مۆزيكDictionary of music ، (550)لاپەڕە، چاپخانەی موكريان، (2010).
2/ فەلسەفەی موزيك لە ساز و ئاواز The philosophy of music in tone and melody ، (500) لاپەڕە، ئامادەيە بۆ چاپ.
3/. خۆشخوانیی دەنگ و چۆنێتيی گۆشكردن و گەشەپێدا نی .
4. سروودی ئەى ڕەقيب، لە بڵاوكراوەكانی پڕۆژەی هاوژين، سلێمانیی (2012).
لە بواری زووانەوانيیدا..
1/. فەرهەنگی زوانستەوانيی و گوتنەوانيی (Dictionary of linguistics and phonetics) كورديی-عەرەبیی- ئينگليزيی، ئامادەيە بۆ چاپ.
2/. فەرهەنگی گوڵزار"، كورديی-عەرەبیی- ئينگليزيی، لەبەردەستايە....
3/. واچە بيگێژە- بيبێژە - بيوێژە، لێكدانەوەی ئەو واژانەی لە كوردييدا هەن ، لەبەردەستايە....
4/. پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی هەندێك پەڕاو و مژاری زانستيی و زووانەوانيی و ڕۆشنبيريی گشتيی .
لەبواری ڕۆشنبيری گشتيی....
1/. كتێبى سەد كەسی يەكەمThe first Hundred ، "ڕێزبەندی ئەو كەسايەتييانەی زۆرترين هەژمون و كاريگەريان لەمێژوودا هەبوە( د. مايكل هاررت) ،
وەرگێڕانی لە ئينگليزييەوە بۆ كورديی، (1983)، دووجار لەچاپ دراوەتەوە.
2/. بيری نيشتمانيی كوردستانيی و ستراتيژی ڕزگاركردنی كوردستان، (214) لاپەڕە، نووسينی (مەهدی كاكەيی) وەرگێڕانی لە عەرەبييەوە/ ئەسعەد
قەرەداخيی و مەهدی كاكەيی (2025).
هەروەها بەپێویستم زانى ئاماژەیەك بەناوى بەرهەمە هونەرییەكانى هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى بدەم، لەماوەى ئەوە چەند ساڵەى وەك گۆرانیبێژێك بەگۆرانییەكانى گەنجینەى هونەرى ئاواز و گۆرانى كوردیی دەوڵەمەندكردوە، بەرهەمە گۆرانییەكانى هونەرمەند :
1/. تەنكە....هۆنراوەی فۆڵكلۆر، ئاواز و دابەشكردنى مۆزیك (ئەنوەر قەرەداخیى).
2/. جوانى بێ ناو ... هۆنراوەى ( گۆران) ،، ئاوازى هونەرمەند( ڕەفیق چالاك) ،، ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك ( قادر دیلان). بەڵام لەگەڵ تێپی مۆزيكی زانكۆ بە دەنگی ئەسعەد قەرەداخیی و ئامادەكردنی مۆزيك ئەنوەر قەرەداخیی لە تەلەفزيۆنی كەركووك تۆماركرا.
3/. گیان گيان ...هۆنراوە و ئاوازى فۆلكلۆر ،، ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى) .
4/. سەرچنار ... هۆنراوە و ئاوازى: فۆلكلۆر ،، ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك (ئەنوەر قەرەداخیى) .
5/. سەوزەڵێ واهاتم ... هۆنراوەى فۆلكلۆر ،، ئاواز و ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى).
6/. دەروێش عبدوڵڵا... هونراوەی گۆران ،، ئاوازی سەڵاح ڕەئوف، ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك (ئەنوەر قەرەداخیی)، تۆماركراو لە تەلەفزيۆنی كەركووك، تيپی مۆسیقای سلێمانیی
7/. نامەى دوورى ... هۆنراوەى (نورى وەشتى) ئاواز و ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى) .
8/. لەیادم ناچێ ... هۆنراوەى ( ئەحمەد قەرەداخیى/برای) ،، ئاواز و ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى) .
9/. هەى بۆ هەلامە ... هۆنراوەى فۆلكلۆر ،، ئاوازى ( شەوكەت ڕەشید) ،، ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى) .
10/. هەى داد ... هۆنراوەى فۆلكلۆر ،، ئاواز و ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك (ئەنوەر قەرەداخیی).
11/. خۆم و یارە جوانەكەم ... هۆنراوەو ئاوازى ( شەماڵ سائیب) ،، ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى) .
12/. كاروانچى ... هۆنراوەى (دڵشاد مەریوانیى ) و( شێخ ڕەئووف بەرزنجیی)، ئاواز و ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى) .
13/. ئارەزووی دەروون ... هۆنراوەى (ئەحمەد قەرەداخیى/برای)، ئاواز و ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى)، تيپی مۆسيقای سلێمانیی
14/ نارینێ و ئاگربارانە ... چڕينی دوانیی (ئەسعەد قەرەداخیى و پەیمان عومەر)، ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخى)، تيپی مۆسيقای سلێمانیی، تۆماركراو لە تەلەفزيۆنی كەركووك،
15/. ناسكۆڵە و هەى بێنن.. هۆنراوە و ئاوازى فۆلكلۆر،، ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى).
16/. بەئاسمانەوە ئەستێرەم ديوە... هۆنراوەی گۆران، ئاوازی و دابەشكردنی مۆزيـك(ئەنوەر قەرەداخیی).
17/. خاكى شیرینى وڵات... بەدووانیی(ئەسعەد قەرەداخیى و ئاڵا عومەر)،
لە ئاوازی هونەرمەند خالد سەركار، تيپی مۆزيكی سلێمانیی، توماركراو لە تەلەفزيۆنی كەركووك..
18/. سروودی ئەی نيشتمانم... ئاوازی دلێر ئيبراهيم، بە دوانیی ئەسعەد قەرەداخیی و ئاڵا عومەر. تيپی مۆسيقای منداڵان.
19/ .سروودی شەهيد.... ئاواز و ئامادەكردن و مۆزيك (ئەنوەر قەرەداخیی)، چڕينی (ئەسعەد قەرەداخیی). بەڵام لەسەردەمی ڕاپەڕين، بە دەنگی (ئەنوەر قەرەداخیی) نوێكرايەوە.
20/. سروودی Welat ĉ qez xoŝ u ȓende، تيپی مۆسيقای سلێمانیی، لە هۆڵی خولد/ بەغدا، ئامادەكردن و مۆزيك(ئەنوەر قەرەداخیی)، چڕينی (ئەسعەد قەرەداخیی).
21/. وام دەزانی....(لاوانەوەێك بۆ چوارشەهيدی هونەرمەند لە تيپی مۆسيقای منداڵان، ئاواز و هۆنراوەی دلێر ئيبراهيم، ئەسعەد قەرەداخیی و ڤيان عەنبەر. ئامادەكردن و دابەشكر، تۆماركردنی لە ستۆديۆی تيپی مۆسيقای سليمانیی.
22/. شل شل ... هۆنراوەى فۆلكلۆر و ئاوازی ئەنوەرقەرەداخیى ،، ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى) .
23/ خانم خانم خانمى ... هۆنراوەى فۆلكلۆر،، ئاواز و ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى)، تيپی مۆزيكی زانكۆ، تۆماركراو لە تەلەفزيۆنی كەركووك.
24/. لەیادم ناچێ هۆنراوەی (ئەحمەد قەرەداخیی/برای)، ئاواز و ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى) .
25/. بەیانى هەردێ ... هۆنراوەى (فەرەیدون عەبدول بەرزنجى) ،، ئاواز و ئامادەو دابەشكردنى مۆزیك (ئەنوەر قەرەداخیى) .
26/. ئازیز ... هۆنراوەى (مەولەوى) ،، ئاواز و ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك (ئەنوەر قەرەداخیى) .
27/. زایەڵەى بەسۆز ... هۆنراوەى (زاهید قەرەداخیى/برای ) ئاواز و ئامادە و دابەشكردنى مۆزیك ( ئەنوەر قەرەداخیى).
28/. سروودی Ber êvarên ȓojava هۆنراوەی Berwar Dereŝewî)) ،، ئاوازی ئەسعەد قەرەداخیی ،، تۆتاندن و ئامادەكردنی مۆزيك بڵند قەرەداخیی.
.................
سەبارەت بەو گۆرانییەكانى هونەرمەند، كام لە بەرهەمە هونەرییەكانى خۆى بەدڵە، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیى لە وەڵامى ڕۆژنامەنووس )ئەحلام مەنسوور) دەڵێت:( بەرهەمى (نامەى دووریى) كە هەستى تایبەتیمى بزواند ، ئەویش لەساڵى (1974) بەهاوكاریی هۆنراوەى (نورى وەشتى) و ئاوازى (ئەنوەرقەرەداخیى)، بەتۆماركراوى لەزانكۆى سلێمانیى دەستمان بەتۆماركردنى كرد). هۆكارەكارەكەيشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی كە شۆڕشی كوردستان ڕوبەڕووی نسكۆ بوەوە، كاری دەروونی زۆر بەتينیی كردە سەرانسەری كوردستانی گەورە.
خەرمان بەرەكەت و بەرهەمە هونەرییەكانى جێی بەرزنرخاندنەوە و سڵاو لەومێژووە جوانە و خۆتەرخان كردنەی بۆ خزمەتى مۆزیك و ئاوازى كوردیى.
دواى بەسەربردنى ماوەى (30) ساڵ لە غوربەت و ژیانى تاراوگە ، هونەرمەند و مامۆستا ئەسعەد قەرەداخیى جگە لەوەى لە هونەرى مۆزیك و ئاواز و گۆرانیی دوور كەوتۆتەوە، ناسنامەى نەتەوایەتى لاواز نەبوە بەڵكو دڵسۆزانە خۆى تەرخانكردوە بۆ وانينەوە و ئاكاديمگەریی و خزمەتكردن بە فەرهەنگ و زوانى كوردیى، سەرەڕاى ئەويش، بەداخەوە دواى (بە سەختیی تووشی خوێنـپژانى مێشك و پەتای ڤایرۆسى (كۆرۆنا). سوپاس بۆ پەروەردگار ئەو نەخۆشیانە سەختەی ئەوەندە نەبوونەتە لەمپەر لەبەردەمى هونەرمەند دا و بەڵكو لەگەڵ بەپێی توانای ئێستای، لە تێكۆشاندايە بەردەوامە لە چالاكييەكانی لەو بوارە جياجيايانەی خەريكە پێيەوەيان.
هونەرمەند و مامۆستا ئەسعەد قەرەداخیى، ژیانى هاوسەرگیرییى لەگەڵ خاتو گوڵزار قەرەداخیی پێكهێناوە، خاوەنى سێ منداڵە، كەنیشكێك و دوو كوڕ بەناوەكانى( سارا، عومەر و ئارا).
لەساڵى (2018) هونەرمەند خانەنشین دەبێت و هەر لەوڵاتى (سوید)دەمێنێتەوە، هەردەم هیواى پڕتەندروستیى و تەمەندارى بۆ دەخوازم و پێی دەڵێم سوپاس بۆ ڕەنج و ماندوبوون و دڵسۆزیی و خەمخۆریتان بۆ هونەرى مۆزیك و ئاواز و نووسین ، ڕێگاتان ڕۆشن و بەهرەدارتربن.
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاك) (22/9/2026) سلێمانى .
سەرچاوەكان:-
(1، 2 ، 4 ، 5 ،) بەرنامەى ڕۆژانەی كوردێك، دیدار لەگەڵ هونەرمەند (ئەسعەد قەرەداخیى) پێشكەشكردنى (تارا قادر) كەناڵى (EURO KURD TV).
(3) لەنێو هونەرى ڕەسەنى كوردییدا، مێژوویەك بۆ تیپى مۆسیقاى سلێمانیى، نووسینى (محەمەد ڕەشید دارتاش) گۆڤارى سلێمانى ژمارە ( 56) كانوونى یەكەمى (2004) لاپەڕە(12).
(6) وهرگرتنی زانیاریی له مامۆستا و هونهرمهند (ئهنوهر قهرهداخیی) له تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبوك، لە(13/3/2021).
(7).تۆڕى كۆمەڵایەتیى فەیسبووك، ئەرشیفى مامۆستا ئەنوەر قەرەداخیى (19/6/2026 ).
(8 و 11) تۆمارێك لەبارەى تیپى مۆسیقاى سلێمانیى، ڕیپۆرتاژ(ئەحلام مەنسوور گۆڤارى بەیان ژمارە( 52) لاپەڕە (93).
(9) كتێبى مێژووى تەلەفزیۆنى كەركووك(1967-1999)هاشم جەباریى لاپەڕە(67).
(10) پەیوەندى تەلەفۆنیى لەگەڵ هونەرمەند و مامۆستا (ئەسعەد قەرەداخیى) ڕۆژى یەك شەممە (6/9/2026) پێدانى هەندێك زانیاریى تايبەت بە ژیان و كار و بەرهەمەكانى خۆى(سلێمانى- سوید).... .
لەگەڵ سوپاس و پێزانین و حورمەتم بۆ هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخیی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.