Erbil 31°C یەکشەممە 20 ئەیلوول 23:38

قەرزی کۆنی کارەبای پێش ڕووناکی دەکرێتە قیستی مانگانە

100%

پڕۆژەی ڕووناکی قیستی مانگانەی پابەندکراوی بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەکە ڕاگەیاند، کە بە شێوەی قیستی مانگانەیە و بۆ ماوەی 24 مانگ دەخرێتە سەر پسوولەی کارەبا، هاوکات تەواوی وردەکاریی پلانەکانی قیست و داتاکانی لێخۆشبوونیشی خستەڕوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: کە قەرزی پێش ڕووناکی دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانە کە پابەندییەکی تا 24 مانگ دەبێت بەبێ هیچ داشکاندنێک. یەکەم قیست دەخرێتە سەر پسوولەی مانگی 9 کە چاوەڕوانکراو دەکرێت لە مانگی 10 دەربچێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: قیستی مانگانە هەلێک دەداتە هەموو ئەو هاوبەشانەی کە بەشدارییان لە داشکاندنە ناوازەکەی %50 نەکردووە، بۆ ئەوەی قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بە ماوەیەکی درێژخایەندا بە قیست بدەنەوە، ئەم قیستانە دەبێت پێکەوە لەگەڵ پسوولەی مانگانەی ڕووناکی لە ماوەی 50 ڕۆژی  پارەدانی پسوولە بدرێنەوە.

پڕۆژەی ڕووناکی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم قیستە درێژخایەنانە بەشێوەیەک دارێژڕاون بۆ ئەوەی کارئاسانی بکەن بۆ هەموو ئەو هاوبەشانەی قەرزی کۆنی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە، بەدیاریکراویش بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک چۆن لە خشتەی خوارەوە ئاماژەی پێدراوە.

ماوەی پلانەکانی قیست بەپێی پۆلی هاوبەش:

ماڵان و کشتوکاڵ: ماوەکەی 24 مانگە و کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20,000 دینار دەبێت.
بازرگانیی بچووک: ماوەکەی 12 مانگە و کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20,000 دینار دەبێت.
بازرگانیی گەورە و پیشەسازیی گەورە: ماوەکەی 6 مانگە و کەمترین بڕی قیستی مانگانە 200,000 دینار دەبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو: نزیکەی 800,000 هاوبەش قەرزی کۆنی پێش ڕووناکییان لە چوارچێوەی داشکاندنە ناوازەکەی 50٪ی نێوان 3ی مانگی 8 تاوەکو 10ی مانگی 9 داوەتەوە. لە ئەنجامدا، زیاتر لە 1.2 ملیۆن لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان ئێستا قەرزی کۆنییان لەسەر نەماوە، لەوانە 1 ملیۆن هاوبەشی ماڵان. پڕۆژەی ڕووناکی ئاشکرشی کردووە، زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەی قەرزی کۆنی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 800,000 دینار.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تا ئێستا لە پرۆژەی ڕووناکیدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوونی بە بڕی 360 ملیار دینار کردووە کە 300 ملیاری بۆ لێخۆشبوونی قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بووە و تیایدا 800,000 هاوبەشی کارەبا سوودمەندبوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پڕۆژەی ڕووناکی،هەتا ئەمڕۆ، زیاتر لە 90٪ی هاوڵاتییانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە بۆ دابینکراوە.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی نرخە نوێیەکان، ٪80ی هاوڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندایە کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی. 

شایەنی باسە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند؛ دواتریش لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێی کارەبا بڕیاری دا، بە ئامانجی ئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.