سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و داوای لە قوتابییان کرد کە ڕێز لە یەكتر بگرن و ڕێز لە جیاوازییەكانی وڵاتەكەمان بگرن كە بێگومان ئەم جیاوازییەی هەمانە وڵاتی ئێمەی جوانتر كردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لە قوتابخانەی (گڵۆباڵ) لە شاری هەولێر لێدا.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا، وێڕای پیرۆزیایی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابیان و مامۆستایان کرد، هیوای خواست کە ساڵێکی پڕ سەرکەوتن و خۆشی بێت بۆ قوتابییان و مامۆستایان. سەرۆکی حکوومەت سوپاسی مامۆستایانی کوردستانی کرد کە نەیانهێشتووە لە هیچ قۆناخێکدا پرۆسەی خوێندن لە کوردستان پەکی بکەوێت.
پاشان بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا ، تەواوبوونی 36 باڵەخانەی نوێی باخچەی منداڵان و قوتابخانەی حکومی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا.
ئەمەش دەقی گوتەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
قوتابیانی خۆشەویست
مامۆستایانی بەڕێز
ئامادەبووانی هێژا
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لەم قوتابخانە خۆشە لەگەڵتان بەشدارم بۆ دەستپێكردنی ساڵێكی نوێی خوێندن، ساڵی (2026-2027).
دەستپێكردنی ئەم ساڵە نوێیە لە ئێوەی خۆشەویست، لە هەموو قوتابییانی خۆشەویستی ئەم قوتابخانەیە و مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیە و هەموو قوتابیانی كوردستان و هەموو مامۆستایان پیرۆز دەكەم، هیوادارم ساڵێكی پڕ لە دەستكەوت و خۆشی و ئارامی لەپێشتان بێت. سەركەوتوو بن لەمساڵ و لە ساڵانی داهاتووش.
ماشەڵڵا لە وزەی ئێوە و لە ژیریی ئێوە، زۆر خۆشحاڵ بووم كە هاتمە ژوورەوە بینیم هەمووتان بە وزەیەكی زۆرەوە چاوەڕوان بوون بۆ ئەوەی دەست بە ساڵێكی نوێی خوێندن بكەن. بیرتان نەچێتەوە كە كوردستان چاوەڕێی ئێوەیە. ئێوە دواتر دەبن بە كەسی گەورە و كاریگەر بۆ ئەوەی وڵاتەكەتان بەڕێوە بەرن.
لە سەرەتا دەمەوێ بۆتان باس بكەم كە حكومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بێ بۆ پشتیوانیكردنی ئێوە و پشتیوانیكردنی مامۆستایانی بەڕێز درێخی ناكات و وەزارەتی پەروەردە بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە كە ئاستی خوێندن وەكوو ناوەڕۆك، وەكوو قوتابخانە، وەكوو دروستكردنی ئەو شوێنانەی كە پێویستن بۆ فێركردن، پەرەی پێبدات و زیاتر پرۆسەی خوێندن بەرەوپێشەوە ببات. ئەو ژمارانەی كە لەبەردەستمن، هەر ئەو ماوەیە زیاتر لە 310 قوتابخانەی نوێ دروستكراون و نزیکەی 629 ژووری نوێ لە هەندێك لە قوتابخانەكان زیادكراون، كۆی گشتیی ئەو قوتابخانانەی كە لەم ماوەیە نۆژەنكراونەتەوە، 3175 قوتابخانەیە كە بەشێكی زۆریان لە لایەن حكومەت و بەخشەرە بەڕێزەكان و ئەمساڵ وابزانم زیاتر لە 100 قوتابخانەش لە لایەن (كوردستان فاوندەیشن) هەوڵی نۆژەنكردنەوەیان بۆ دراوە. ئەمانە هەمووی دەكەونە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست.
حكومەت بەردەوام دەبێت لە دابینكردنی كەرەستەی پێویست، بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن لە كەشێكی ئارام و تەندروست پەرە بە خوێندنی خۆتان بدەن. جلوبەرگی ئەمساڵی ئێوەش زۆر جوانە، ئینشائەڵا ساڵ بە ساڵیش ئێوە دەتوانن زیاتر لە قوتابخانە خۆشەكانتان سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنن.
داوا لە قوتابییە خۆشەویستەكان دەكەم، هەندێك شت هەیە لەبیرتان نەچێت، پێش هەموو شتێك گرنگیی بە خوێندنی خۆتان بدەن، خوێندن دەتوانێ بتانكات بە كەسی سەركەوتووتر لە ژیانی ئێوە. پێویستە ئێوە مرۆڤدۆست بن پێش هەموو شتێك، یەكترتان خۆشبوێت، مامۆستاكانتان خۆشبوێت، دایك و باوك و كەسوكارەكانتان خۆشبوێت. بزانن ئێمە بەوەوە جوانین كە لە ئایینی جیاواز، لە نەتەوەی جیاوازەوە هاتووین، لەبەر ئەوە ئایینەكانی ترتان خۆشبوێت، ڕێز لە یەكتر بگرن و ڕێز لە جیاوازییەكانی وڵاتەكەمان بگرن كە بێگومان ئەم جیاوازییەی كە هەمانە وڵاتی ئێمەی جوانتر كردووە.
داواتان لێ دەكەم ژینگەدۆست بن، ماڵی خۆتان بە خاوێن و پاكی رابگرن، قوتابخانەی خۆتان بە خاوێنی رابگرن، وڵاتی خۆتان بە خاوێنی رابگرن. من زۆرجاریش گوتوومە ئەگەر بزانن گەورەكانیش ڕێز لە ژینگە ناگرن، ئێوە ڕێگەیان پێ مەدەن، ئێوە داهاتووی ئەم وڵاتەن، ئێوە دەتوانن بڕیار بدەن كە داهاتووی ئەم وڵاتە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات. بۆیە تاوەكوو بتوانن ژینگەی وڵاتەكەی خۆتان بپارێزن، لە هەمان كاتدا ئێوە دەبێ بە هەموو توانای خۆتان هەوڵی سەركەوتن لە قۆناغەكانی خوێندنی خۆتان بدەن، پێش هەموو شتێك لەو شتانەی كە باسم كرد دەبێ بیری ئەوەشتان بێتەوە كە دەبێ نیشتمانپەروەر بن، ئەم وڵاتە بەرهەمی خوێنی شەهیدانمانە، بەرهەمی زەحمەت و رەنجی پێشمەرگە قارەمانەكانمانە. كە بیستم ئێوە هەمیشە دەتانگوت بژی پێشمەرگە، ئەمە دروشمێكە دەبێ لە ناخی خۆمان ڕێزی لێ بگرین، رێز لە پێشمەرگەكانمان بگرین، ڕێز لە نیشتمانەكەمان بگرین، وڵاتەكەمان خۆشبوێ، چونكە ئێمە بە وڵاتی خۆمانەوە جوانین، بە سەربەرزیی ئەم وڵاتەوە دەتوانین سەربەرزتر بین.
من سوپاسی مامۆستا بەڕێزەكانیش دەكەم كە لە هەموو قۆناغەكاندا نەیانهێشتووە خوێندن پەكی بكەوێت، ئەو مامۆستا دڵسۆزانەی كە لە كەش و دۆخێكی ناخۆش و ناهەمواردا پەرەیان بە خوێندن و فێركردنی قوتابییەكان دا و مامۆستا یەكەم وانەیە كە قوتابی لێی فێر دەبێت. مامۆستا بە كرداری خۆی دەتوانێ بە قوتابی بڵێت كە ببێ بە چ جۆرە كەسێك، بۆیە لێبووردەیی و بەزەیی و ئەو ئاستە بەرزەی مامۆستا دەتوانێ پێشكەشی قوتابی بكا، دەتوانێ لەوە دڵنیا بێ كە ئەم قوتابییەش بەو جۆرە پەروەردە دەكرێت. بۆیە جارێكی تر سوپاسی خۆڕاگری، ماندووبوون و خزمەتی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم، شانازیتان پێوە دەكەین، نموونەتان زۆر بێت، هەر سەركەوتوو بن.
دەستخۆشیی لە هەموو لایەك دەكەم، سوپاسی وەزارەتی پەروەردە دەكەم بۆ ئەو كارە باشانەی كە دەیكەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن. لە سەرووی هەمووشیانەوە جارێكی تر پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی خۆشەویست دەكەم، هەر سەركەوتوو و تەندروست بن و ساڵێكی پڕ دەستكەوت و سەركەوتنتان لە پێش بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.