وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە دەیانەوێت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 مووچەی مووچەخۆران هەرێمی كوردستان لە خەرجی كرداری دەربهێنین، جەختیشی كردەوە كە زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە پێشینەی کارەکانیانە.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئەم قسانەی ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ هۆڵی ڤێر کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان كرد.
وەزیری دارایی لە میانەی دیدارەكەدا رایگەیاند: ماوەی چەند مانگێکە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دیاریکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و بە پێی دوایین داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان. گوتیشی كە زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە پێشینەی کارەکانە و دەیانەوێت حکوومەتی فیدراڵ هەمان مامەڵەی مووچەخۆرانی عێراق لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات و مووچەی هەرێم لە خەرجی کرداری دەربهێنرێت.
ئاوات شێخ جەناب لەبارەی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا گوتی كە گەیشتوونەتە ڕێكکەوتن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا ئەو سیستەمە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، حکوومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە ڕێکكەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم ئاستەنگەکان لەبەردەم بازرگانان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن کە خۆی لە لابردنی بازگەکان و پێدانی دۆلار بەنرخی بانکی ناوەندی و چارەسەری کێشەی باج و هتد... دەبینێتەوە.
بەشێكی تر لە تەوەری گفتوگۆكان باسكردن بوو لە هەماهەنگی باش و تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و ئەو هەوڵانەی كە دراون هەتاكو سەرجەم ئەو بیانووانە بنەبڕ بکەن کە لە ساڵانی ڕابردوو هەبووە بە تایبەت لەسەر لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی ناوخۆ و وردبینی لە داهات و خەرجییەکان و هتد….
وەزیری دارایی جەختیشی كردەوە كە یەکڕیزی کورد و فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئێستادا زۆر گرنگە بۆ چەسپاندنی مافەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوای لە کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد هاوکار و پشتیوان بن بۆ ئەوەی بەهاوکاری نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان بتوانن مافەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بوودجەی 2027 جێگیر بکەن.
فۆتۆ: دیمەنی دیدارەكەی وەزیری دارایی و كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان:-

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.