سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێك لەبارەی پڕۆژەی (هەژماری من) بڵاو دەكاتەوە و تێیدا ڕایدەگەیەنێت كە ئەم هەفتەیە یەک ملیۆن هاووڵاتی مووچەکانیان بەشێوەی ئەلیكترۆنی وەردەگرن، هەروەها ئیتر نۆرەی درێژ و چاوەڕوانی وەرگرتنی پارەی كاش كۆتایی هات.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێكدا رایگەیاند "سێ ساڵ لەمەوبەر، بەڵێنمان دا کە لە ڕێگەی دەستپێشخەریی (هەژماری من)ـەوە، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە شێوازی نەختینەییەوە بگوازینەوە بۆ بانکە مۆڵەتپێدراوەکان".
راشیگەیاند "خۆشحاڵم کە ڕایدەگەیەنم، ئەم هەفتەیە یەک ملیۆن هاووڵاتی کە لە لیستی مووچەی حکوومەتی هەرێمدان، مووچەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی بانکە هاوبەشەکانەوە وەردەگرن، کە مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن".
سەرۆكی حكوومەت هەروەها رایدەگەیەنێت "هەژماری من بنەمایەکی گرنگ بوو لە پابەندبوونمان بە فراوانکردنی گشتگیریی دارایی کە دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان بۆ هاووڵاتییان ئاسان دەکات و لە هەمانکاتدا ئاسانکاری بۆ حکوومەت دەکات تاکو پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەست بکات، ئەمەش گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی لە ژیانی یەک ملیۆن هاووڵاتیدا دروست کردووە".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "هەژماری من سەربەخۆییەکی دارایی زیاتری پێبەخشیون و کۆنترۆڵی دارایی داوەتەوە دەست خۆیان و بەهۆی (هەژماری من)ـەوە، ئێستا دەستیان بە بە تۆڕێکی فراوانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا دەگات کە بەردەوام لە گەشەکردندایە".
سەرۆكی حكوومەت جەختیشی كردەوە كە "ڕۆژانی ڕاوەستانی زۆری هاووڵاتییان لەبەردەم باڵەخانە حکوومییەکان و نۆرەی درێژ و چاوەڕوانی وەرگرتنی پارەی کاش کۆتایی هات".
سەرۆكی حكوومەت هەروەها سوپاسی هاووڵاتییانی كرد بۆ پشوودرێژییان و زیاتریش رایگەیاند "سوپاسی بانکە هاوبەشەکانمان دەکەم بۆ پشتگیری و وەبەرهێنانیان لە سێ ساڵی ڕابردوودا، سوپاسی تیمی (هەژماری من)یش دەکەم بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.