عومرەکارێکی کوردی تەمەن 65 ساڵ کە خەڵکی کەلارە، دوای بەجێ گەیاندنی سونەتی عومرە، لە ڕێگەی نێوان مەدینە بۆ عەرعەر لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد.
کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، دوێنێ شەو ڕێکەوتی 14ـی ئەیلوول، عومرەکارێکی کورد بە ناوی (محەمەد حەسەن) کە خەڵکی کەلارە، لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد.
گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان گوتی: "ئەم عومرەکارە تەمەنی سەرووی 65 ساڵ بوو و دوای بەجێ گەیاندنی سونەتی عومرە، لە ڕێگەی نێوان مەدینە بۆ عەرعەر کۆچی دوایی کردووە".
ناوبراو ئەوەیشی خستە ڕوو کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، لە ڕێگەی نووسینگەی حەج و عومرەی گەرمیانەوە، بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەوەی هەرچی ئاسانکارییە بۆیان بکات. لەسەر داواکاریی کەسوکارەکەی کە لەو گەشتەدا لەگەڵیدا بوون، تەرمەکەی لە سعوودیەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەلار. مامۆستا خالید محەمەد حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی گەرمیان بە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە پێشوازی لە تەرمی ئەو عومرەکارە دەکەن و بڕیارە هەر لەوێ بە خاک بسپێردرێت. بەمەش دەبێتە دووەم عومرەکاری کورد کە لە وەرزی عومرەی ئەمساڵ (2026) کۆچی دوایی بکات.
کاروان ستوونی بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافەوە، سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری ئەو عومرەکارە دەکات و داوا لە خوای گەورە دەکات جێگەی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە کەسوکاری بدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.