Erbil 31°C چوارشەممە 16 ئەیلوول 03:02

پێنتاگۆن: جەنگی ئێران کۆگای چەکی ئەمریکای بەتاڵ کردووە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا دانی بەوەدانا کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، ئەمریکا ڕووبەڕووی کەمبوونی کۆگای تەقەمەنی بووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام ئەم هەواڵانەی ڕەت دەکردەوە.

ڕاپۆرتی پشکنەری گشتیی پێنتاگۆن سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی ئاشکرای کردووە کە بەکارهێنانی زۆری تەقەمەنی، کەمیی لە یەدەگە ستراتیژییەکانی ئەمریکا دروستکردووە و ئاستەنگییەکانی کەرتی پیشەسازیی سەربازیش بوونەتە ڕێگر لەبەردەم نوێکردنەوەی کۆگاکاندا. سەرەڕای ئەوەش، پێنتاگۆن ئاماژەی بە گرتنەبەری ڕێکاری خێرا کردووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرباری بەکارهێنانی چڕی موشەکی بەرگری، هێرشەکانی ئێران زیانی قورسیان بە سەدان باڵەخانە و دامەزراوە لە بنکە ئەمریکییەکان گەیاندووە لە وڵاتانی: کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، سعودیە، عێراق، عومان و ئوردن.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی کە ماوەی نێوان نیسان بۆ حوزەیرانی 2026 لەخۆ دەگرێت، ئاماری زیانەکان بەم شێوەیەیە:

  - لەناوبردنی 4 فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-15.

  - زیانگەیاندن بە فڕۆکەیەکی F-35.

  - تێکشکاندن یان زیانگەیاندن بە 7 فڕۆکەی تێکردنی سووتەمەنیی جۆری KC-135.

  - لەناوبردنی نزیکەی 30 درۆنی جۆری MQ-9 Reaper.

ئەم ڕاپۆرتە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی ترەمپە کە جەختی دەکردەوە ئەمریکا "بڕێکی زەبەلاح" لە تەقەمەنی لەبەردەستدایە. ئەم ئاشکراکردنە دەرخەری ئەوەیە کە جەنگی ئێران، سەرەڕای بەهێزیی ئەمریکا، زیانی لۆجستی و سەربازیی بەرچاوی بە سوپای ئەمریکا گەیاندووە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.