لە چوارچێوەی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ فەرەنسا، عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە شەش یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد کە چەندین بواریان گرتەوە، لە نێویاندا بەرگری، وزە، کارەبا، لاوان، توێژینەوە و داهێنان، گەشەپێدان و فڕۆکەوانیی شارستانی.
ڕۆژی دووشەممە 14ـی ئەیلوول، لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە چاودێریی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، شەش یاداشت و ڕاگەیەندراوی نیازپاکی و پرۆتۆکۆلی هاوکاریی لە نێوان عێراق و فەرەنسادا واژۆ کرا.
ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان چەندین بواریان گرتەوە، لە نێویاندا بەرگری، وزە، کارەبا، لاوان، توێژینەوە و داهێنان، گەشەپێدان و فڕۆکەوانیی شارستانی.
یاداشتەکان نامەیەکی نیازپاکی لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و کۆمپانیای "هەرمەتان"ـی تایبەت بە ژیریی دەستکرد سەبارەت بە هاوکاریی ستراتیژی لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا لەخۆگرتبوو، هاوشانی ڕاگەیەندراوێکی نیازپاکی لە نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی سوپای فەرەنسا سەبارەت بە دابینکردنی کەرەستە سەربازییە فەرەنسییەکان لە چوارچێوەی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری لە عێراق.
هەروەها ڕاگەیەندراوێکی نیازپاکی بۆ هاوبەشیکردن لە بواری بەهێزکردنی دەرفەتەکانی لاوان و توێژینەوە و داهێنان لە نێوان هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و فەرەنسا، لەگەڵ ڕاگەیەندراوێکی دیکە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی فەرەنسی (AFD) لەخۆگرتبوو.
لە کەرتی وزەشدا، پرۆتۆکۆلێکی هاوکاریی تایبەت بە گرێبەستی دابینکردن و فرۆشتنی غاز لە نێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینێرجیز) واژۆ کرا، لە کاتێکدا ڕێککەوتنی شەشەم ڕاگەیەندراوێکی بۆ هاوکاری لە بواری فڕۆکەوانیی شارستانی لە نێوان هەردوو وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و فەرەنسا لەخۆگرتبوو.
ئەم ڕێککەوتنانەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاریی عێراقی - فەرەنسی و فراوانکردنی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئابووری، گەشەپێدان و ئەمنیدا دێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.