Erbil 31°C دووشەممە 14 ئەیلوول 14:24

مەسرور بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات

100%

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی و هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.

هەردوولا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە.

هەروەها هاوڕابوون لەسەر گرنگیی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو باشترکردنی دۆخی دارایی و زیادکردنی داهاتی گشتیی عێراق لە چوارچێوەی برەودان بە جموجۆڵی بازرگانیی و پاراستنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .

هەردوولا جەختیان لە پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.