ئەمشەو سێشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەڕێژەی زیاتر لە 4% بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، دوای سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی هێرش و بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەكان، ئەمشەو نرخی نەوت بە ڕێژەی زیاتر 4% بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 94 دۆلاری تێپەڕاند.
ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، بەهۆی هێرشێكی سوپای ئەمریكا دێت بۆ سەر چەند پێگەیەكی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) كەمێك پێش ئێستا بڵاوی كردەوە: هێزەکانی ئەمریکا ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە دەستیان بە ئەنجامدانی ژمارەیەك هێرشی نوێ كرد بۆ سەر ئامانجەکانی سوپای پاسداران لە ناوخۆی ئێران.
سێنتكۆم راشیگەیاند کە ئەم هێرشانە وەڵامێكن بۆ پەلامارەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و هەروەها بۆردومانی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی ئوردن و ئیمارات لەلایەن ئێرانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.