توێژینەوەیەکی بەرفراوان کە لەلایەن زانکۆی گلاسگۆوە ئەنجامدراوە، ئاشکرای دەکات کە نزیکەی 1 لەسەر 3ـی تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو، لە ماوەی تەنیا 5 ساڵ دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیان، ڕووبەڕووی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە یان مردن دەبنەوە.
بەپێی توێژینەوەکە کە داتای زیاتر لە 1.6 ملیۆن کەسی لە ئەمریکا (لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2024) شیکردووەتەوە، ئەم ڕێژەیە لە ماوەی 10 ساڵدا بۆ زیاتر لە 55% بەرز دەبێتەوە. هەروەها دەرکەوتووە 1 لەسەر 5ی نەخۆشەکان لە ماوەی 5 ساڵی یەکەمدا تووشی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە دەبن.
توێژینەوەکە دەریخستووە ئەو کەسانەی تووشی سستبوونی دڵ دەبن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە 42% زیاد دەکات، هەروەها بەپێچەوانەشەوە، ئەو کەسانەی سەرەتا تووشی کێشەی گورچیلە دەبن، مەترسیی سستبوونی دڵیان 23% بەرز دەبێتەوە.
پرۆفیسۆر ناڤید ستار، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، هۆشداری دەدات کە قەڵەوی، بەرزیی پەستانی خوێن، کۆلیسترۆڵ و بەرزیی شەکرە زیان بە بۆرییەکانی خوێن و ئەندامە سەرەکییەکانی لەش دەگەیەنن. لەلایەکی دیکەوە، توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی دەرمانە نوێکانی دابەزاندنی کێش، وەک (Wegovy) و (Mounjaro)، دەتوانێت مەترسیی نەخۆشییەکانی گورچیلە تا 24% دابەزێنێت.
توێژینەوەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە شەکرەی جۆری دوو پەیوەندی بە هەندێک جۆری شێرپەنجەوە هەیە؛ بەجۆرێک خانمانی تووشبوو 22% و پیاوانی تووشبوو 12% زیاتر لە کەسانی ئاسایی ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە هەیە.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشیی شەکرە نابێت تەنیا لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکرەی خوێندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو پێویستە چاودێریی وردی تەندروستیی دڵ و گورچیلە بکرێت و لە قۆناغی سەرەتاییدا نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.