دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ محەمەد فەرمان شاهر، ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرکرد.
دادگا بڕیاریداوە کە ناوبراو جگە لە سزای زیندانیکردن، ناچار بکرێت ئەو بڕە پارەیەی بە نایاسایی دەستی کەوتووە بیگێڕێتەوە، هەروەها پێبژاردنێکی دارایی هاوشێوەی ئەو بڕە پارەیەشی بەسەردا سەپێنراوە. کۆی گشتیی ئەو پارەیەی کە دەبێت بیگێڕێتەوە و ئەو پێبژاردنەی کە دەبێت بیدات، دەگاتە زیاتر لە 28 ملیار دیناری عێراقی.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، سزای سەرەکی بۆ محەمەد فەرمان شاهر زیندانیکردنیەتی بۆ ماوەی 7 ساڵ بەپێی ماددەی 19ی یاسای دەستەی دەستپاکی و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011. هەروەها گەڕانەوەی ئەو پارەی کە بردوویەتی کە بڕەکەی 11,795,949,238 دیناری عێراقی و 1,729,300 دۆلاری ئەمەریکیە، بەهاکەی بە کۆی گشتی 28,157,250,476 دینارە.
هەروەها دادگا سزایەکی دیکەی 3 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ناوبراو دەرکردووە بە تۆمەتی شاردنەوەی سەروەت و سامان، بەڵام بڕیار دراوە تەنیا سزای قورسترین (7 ساڵەکە) جێبەجێ بکرێت. جگە لەوە دادگا بڕیاری داوە بە پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی تۆمەتبارەکە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە مافی خۆیانە دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرت، داوای قەرەبووی زیانەکان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.