سەرۆکی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ـی ڕەتکردەوە کە باسی لەوە کردبوو ئەمەریکا لە بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ سووککردنی سزاکان و ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئەو هەواڵەی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ڕەتکردەوە و نووسیویەتی: " ئەکسیۆس تازە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە من پێشنیازی سووککردنی گەمارۆکان و ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی سەر ئێرانم کردبێت. ئەمە درۆیە و هیچ پێشنیازێکم بۆ نەکردوون". هاوکات دۆناڵد ترەمپ داوای لە ماڵپەڕەکە کرد ڕاپۆرتەکەی بکشێنێتەوە.
پێشتر ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکی بڵاوی کردبووەوە، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی نیشان داوە بۆ سووککردنی سزاکان و ئازادکردنی بەشێک لە سامانی بلۆککراوی تاران، لە بەرامبەر گرتنەبەری هەنگاوی بەرجەستە لەلایەن ئێرانەوە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەم هەڵوێستەی دۆناڵد ترەمپ دوای چەند ڕۆژێک دێت لە بەڕێوەچوونی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ستیڤ ویتکۆف و جارد کۆشنەر، نێردراوانی ئەمەریکا، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک. هاوکات ئاژانسی فەرمیی "ئیرنا"ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە کە تاران لە ئێستادا نیازی نییە دانوستانی ڕاستەوخۆی زیاتر لەگەڵ واشنتۆن ئەنجام بدات.
هەفتەی ڕابردوو تاران پلانێکی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز خستەڕوو، ئەو گەرووەی پێش شەڕ یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو. ئێران وەک مەرجی پێشوەختە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز داوای کردبوو کە شەڕ لە سەرجەم بەرەکان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ڕابگیرێت بە لوبنانیشەوە، لەگەڵ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان، هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوت و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی، بەڵام ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەم پێشنیازەی ڕەتکردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.