Erbil 31°C شەممە 29 ئاب 14:20

وەزیری سامانە سروشتییەکان لەبارەی دۆخی سووتەمەنی ڕوونکردنەوە دەدات

100%

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت ڕایگەیاند، ئەو سووتەمەنیەی لە هەرێم بەکاردێت بەرهەمی ناوخۆیی خۆمانە نەک نێردراوی بەغدا، هاوکات جەخت لەسەر هەوڵەکانیان دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی بە هەمان نرخی ناوچەکانی دیکەی عێراق و زیادکردنی پشکی هەرێم لە بەنزین و نەوتی سپی.

كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت لەبارەی پشکی بەنزین و نەوتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەڵامی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و  سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەرگیراوە و گوتی: "با ئەوەش ڕوون بێت، ئەوە نییە کە بەغدا ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتمان بۆ بنێرێت. نەخێر، ئەوە بەرهەمی خودی هەرێمی کوردستانە. ئەو بڕە کەمەی بەرهەم کە هەیە 50 هەزار بەرمیلە لە ناوخۆی هەرێم دەپاڵێورێت و ئەوی دیکەی هەناردە دەکرێت، واتا ئەوە نییە بە تانکەر یان ترێلە ئەو نەوتەمان بۆ بهێنن، بەڵکوو هەر نەوتی هەرێمی کوردستانە".

وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت: "داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵ ئەوەیە چۆن لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بە 4 دۆلارە، بۆ هەرێمی کوردستانیش بە 4 دۆلار ئەژمار بکرێت. تەنها دوو شت دەمێنێتەوە: یەکەم، دەبێت ئەو بڕەی 50 هەزار بەرمیل زیاد بکرێت. دووەم، حکوومەتی فیدراڵ بە هەمان نرخ مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا بکات، ئەو کاتە کێشەکە بەم شێوەیە چارەسەر دەبێت".

كەمال محەمەد ساڵح سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی و سووتەمەنیی زستانە ڕایگەیاند: بێگومان نەوتی سپیش یەکێکە لە پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ هەرێم، چونکە وەرزی زستان لە هەرێمی کوردستان زووتر دەست پێ دەکات. ساڵانە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە تەنها 50 ملیۆن لیتر دیاری دەکرا. بەڵام بۆ ئەمساڵ، سەرجەم هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق سوودمەند بن لە نەوتی سپی، بەنزین و هەروەها نەوتی ڕەش بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە دا، ئەو بڕەی بەنزین ئێستا لەبەردەستدایە کەمە و بەشی هەموو هاووڵاتییان ناکات. دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە ئەو ڕێژەیە زیاد بکرێت تاوەکو بۆ هەر خێزانێک چەند ئۆتۆمبێلیشی هەبێت، بتوانێت هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق بەنزین وەربگرێت و سوودمەند بێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو ئاشکرای کرد: "هەردوو وەزارەتەکە سەرجەم داتا و داواکارییەکانی خۆیان پێشکەشی لیژنەی پەرلەمان کردووە، لیژنەکەش لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕاپۆرتەکەی خۆی ڕادەستی پەرلەمان دەکات و دوای ئەوە پەرلەمان بڕیاری پێویستی لەسەر دەدات". 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.