Erbil 31°C شەممە 29 ئاب 18:04

هیندستان ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کرد بۆ کڕینی مووشەکی دژە تانکی جاڤلین

100%

سوپای هیندستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە بۆ کڕینی سیستەمی مووشەکی دژە تانکی جاڤلین، بەبێ ئەوەی بەهای گرێبەستەکە ئاشکرا بکات.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هیندستان لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە بۆ کڕینی سیستەمی مووشەکی ڕێنماییکراوی مەودای مامناوەندی جاڤلین کە بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای (لۆکهید مارتن) و (ئاڕ تی ئێکس)ـەوە بەرهەمدەهێنرێت، بۆ هێرشکردنە سەر مەودای ئامانجەکان بەتایبەتی زرێپۆشەکان دروستکراوە و لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەوە بەکاردەهێنرێت.

سێرجیۆ گۆر، باڵیۆزی ئەمریکا لە هیندستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە دەرفەتی نوێ بۆ پیشەسازییەکانی بەرگری لە هەردوو وڵات دەکاتەوە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان، هیوای خۆی بۆ هاوکارییەکانی داهاتوو دەربڕی کە یارمەتیدەر دەبێت لە پاڵپشتیکردنی بنکەی پیشەسازی بەرگری هەردوو وڵات.

ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی پەرەسەندنی هاوکارییە بەرگرییەکانی نێوان هیندستان و ئەمریکا دێت، سەرەڕای گرژییەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی پرسە بازرگانییەکان و کڕینی نەوتی ڕووسیا لەلایەن هیندستانەوە.

بەپێی داتاکانی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، هیندستان یەکێکە لە گەورەترین خەرجییەکانی بەرگری لە جیهاندا و هەروەها یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی هاوردەکردنی چەک لە جیهاندا.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.