Erbil 31°C یەکشەممە 27 ئەیلوول 17:52

هێزە ئەمنییەکانی چوارتا ڕێگرییان لە تیمێکی کوردستان تیڤی کرد

100%

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، هێزە ئەمنییەکانی قەزای چوارتا لە پارێزگای سلێمانی، ڕێگرییان لە تیمی میدیایی بەرنامەی کلتووریی "ئارۆ"-ی سەر بە کەناڵی کوردستان تیڤی کرد، لە کاتی تۆمارکردنی زنجیرەیەکی بەرنامەکەیاندا لەو قەزایە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەڤین عەتا، پێشکەشکاری بەرنامەکە بۆ سەنتەری میترۆ، لە کاتی ئامادەکاری بۆ ڕووماڵکردنی بەرنامەکە لە چوارتا، دوو کارمەندی ئاسایش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ڕێگرییان لە تیمی بەرنامەکە کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایشەکان ڕاشکاوانە پێیان ڕاگەیاندوون کە "ڕێگە نادرێت هیچ کەناڵێکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان کاری ڕووماڵ و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لەو ناوچەیە ئەنجام بدات".

تیمی بەرنامەکە، کە لە پێشکەشکار ئەڤین عەتا و کامێرامانان ژیار کامیل و یادگار حسێن پێکهاتبوون، جەختیان لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو کارمەندە ئەمنیانە تەنها لە ئاستی گفتوگۆی زارەکیدا بووە، بەڵام ئەم ڕێگرییە بەربەستێکی ڕاشکاوە لە بەردەم کاری ڕۆژنامەگەریدا. تیمی بەرنامەکە ئاماژەیان بەوەش کرد، پێشتر ئەم بەرنامە کلتوورییە لە زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگێک ئەنجام دراوە.

لەم بارەیەوە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێگریکردن لە کاری ڕۆژنامەگەری پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی یاسای کاری ڕۆژنامەگەرییە. بەپێی ڕاپۆرتە ساڵانەکانی سەنتەرەکە، ڕێگریی بەردەم کاری میدیایی بە یەکێک لە دیارترین پێشێلکارییەکان دادەنرێت و پێویستە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لە ئازادیی کاری میدیایی بگرن.

شایەنی باسە، بەرنامەی "ئارۆ" بەرنامەیەکی مەیدانی، کلتووری و مێژووییە کە هەفتانە بە مەبەستی ناساندنی مێژوو، دابونەریت و شێوازی ژیانی خەڵک، گەشت بۆ شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان دەکات.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.